رۆژنامەی ھەولێر

تەعریبکردنی کەرکووک گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دروستکردنی گەڕەکی نوێ لەنێو شاری کەرکووک و داگیرکردنی زەویی جووتیاران لە سنووری پارێزگاکە، ئەو تەعریبانەن کە لە پارێزگاکە بەردەوامن، ئەوەش دانیشتووانی کوردی ئەو شارەی نیگەران کردووە. بەگوتەی بەرپرسانی کەرکووک، ئێستا زۆرترین ڕێژەی عەرەبی شۆڤێنی بەمەبەستی گۆڕینی شارەکە فۆرمی خۆراکیان بۆ کراوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی شۆڤێنییەکان واڵاتر بووە.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە بە گوێرەی بەڵگە و ئامارەکان ١٠٠ ھەزار خێزانی عەرەب لە شارەکانی دیکەوە ھێنراونەتە کەرکووک، بەم ھەنگاوەش تەعریب لە م شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، گەڕەکی کوردستان نموونەیەکی تەعریب کردنی گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکە، گەڕەکێکە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، کورد دروستی کردووە و ئاوەدانی کردووتەوە، بەڵام ١٦ـی ئۆکتۆبەر ھاوکێشەکەی گۆڕی و ئێستا خەریکە ژمارەی عەرەب لە ژمارەی کورد زیاتر دەبێت، بەگوتەی ھاووڵاتییان پێشتر زیاتر لە ٩٦%ـی دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان کوردبوون، ئێستا ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی عەرەب زیاد دەکات و ژمارەی کورد کەم دەکات، ھاووڵاتییان داوا لە بەرپرسان دەکەن ئەوەی خەڵکی شارەکە نییە نووسراویان بۆ بکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، چونکە ئێستا شەڕی داعش نەماوە و ھیچ مەترسییەکیش نییە، بوونی ئەو ھەموو عەرەبە، مەترسیی لەسەر کار و بژێوی ژیانی گەنجانی کوردی کەرکووک دروستکردووە.
ھەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داھاتووی شارەکە دروستکردووە، بووەتە مەترسی لەسەر دابڕاندنی کەرکووک لە ناسنامە کوردستانییەکەی، بەگوێرەی بەڵگەکان ئەو تەعریبەی لە سەردەمی ڕاکان جبووری لە کەرکووک کراوە، زیاترە لەو تەعریبەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە شارەکە کردوویەتی، گواستنەوەی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی، باوترین ڕێگەکانی تەعریبن لە کەرکووک.
کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، ڕێوشوێنەکانی سڕینەوەی شوێنەواری تەعریبی دیاریکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە ڕووەدات، ڕێک پێچەوانەی ئەو ماددەی دەستوورە و داھاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
ڕێگریکردن لە کشتوکاڵکردنی جووتیارانی کورد لە گوندەکانی کەرکووک و دەوروبەری و سووتاندنی کێڵگەکانیان و ھەڕەشەی بەردەوام، باری ژیانی خەڵکەکەی ناجێگیرکردووە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ھەوڵبدەن ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە، چونکە کەرکووک ھێواش ھێواش کوردی لێ نامێنێت.
قەبارەی خێزانی عەرەب لە کەرکووک بەشێوەیەک زیادی کردووە کە بۆتە جێگەی سەرسوڕمانی بەرپرسانی کورد بەجۆرێک کە لایەنە کوردەکان پەنایان بۆ گەنجان بردووە و داوایان لێ دەکەن منداڵی زۆر بخەنەوە و ڕێگە نەدەن کورد لەڕووی ژمارە لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر بێت، سەرباری تەعریبی بەردەوام، بەڵام ھێشتا کورد توانیویەتی لەڕێگەی دەنگدان نیوەی زیاتری دەنگی شارەکە بەدەستبھێنێت، بەڵام مەترسی ھەیە لەسەر کورد.
گەشەی خێزان بەشێوەیەکی بەرچاو لە گەڕەکە عەرەب نشینەکان زیادی کردووە، لە قەبارەی خێزانەکان بۆت دەردەکەوێت کە گەشەی خێزانی نەتەوەی عەرەب لەچاو کورد زۆر نابەرامبەرە، لە ھەر گەشەیەکی خێزانی لە نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک پێکھاتەی کورد زەرەرمەندی یەکەمە، چونکە ھێشتا چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلای نەکراونەتەوە، ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت بەگوتەی ئەوانەی لە بواری ئاماردا کار دەکەن ئایندەی ئەو شارە بە تەواوەتی دەکەوێتە دەست ئەوان و ھەموو بڕیارە چارەنووسازەکان لای ئەوان دەبێت.
بەرپرسانی کورد درکیان بەو مەترسییە کردووە کە خێزانی کورد بەردەوام قەبارەی لە کەم بوونەوەدایە، بەڵام جگە لە زیادکردنی ھەستی نەتەوایەتی خێزانی کورد بۆ گەشەی خێزانی لە کەرکووک ھیچ چارەسەرێکی دیکەیان لە دەست نایەت. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەتا منداڵێکی کورد لە دایک دەبێت پێنج منداڵی عەرەب لە دایک دەبن، نەتەوەی عەرەب لە کورد و تورکمان زیاتر نەوە ئەخەنەوە ئەوەش یەکێکە لەو تێبینیانەی کە ئێمە ھەمانە لەو شارە کە وای کردووە گەشەیەکی خێرا تەنیا بۆ نەتەوەیەک بێت.
ڕێکارەکانی نیشتەجێکردنی عەرەبی ھاوردە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی ماددە و بڕگەکانی ١٤٠ی دەستووری عێراقن. کاروان کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێکخراوی شاڵاوی بە عەرەب کردن لە کەرکووک بەردەوامە، بۆ نموونە لە یەکەم ھەفتەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر خانەوادەی عەرەب لە ناوچەکانی دیکە ھێنراوە و لەناو کەرکووک نیشتەجێکران، جیا لەمانە گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی و فۆڕمی خۆراک، کارتی نیشتەجێبوون بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم بۆیان دەرکراوە و ئەمەش تەعریبێکی زۆر مەترسیدارە.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: کاری ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، ھەروەھا بە دیکۆمێنتکردنی بابەتێکی نایاسایی و تەعریب و داگیرکاری و ئەو شتانەیە، ھەر شتێکیش ھەبێت سەرووی خۆمان لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوە کاری ئێمەیە و ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە، بۆ نموونە لە کەرکووک داگیرکاری، تەعریب و ھاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ ناو کەرکووک و دامەزراندنی خەڵکێکی دیکە لە جیاتی خەڵکی کەرکووک ھەیە ھەموو ئەمانە بە دیکۆمێنت کراون و سەرووی خۆمان لێ ئاگادار کردوونەتەوە، ھەندێک بابەت ھەیە شوێنی خۆی گرتووە و ھەندێک بابەتی دیکەش ھەیە بە ئامانج نەگەیشتووە.
کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان وەکو پێویست نییە، چەندین ساڵە کورد کە خاوەن ماڵە دەرکراوە، تا ئێستاش تەعریب بەردەوامە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کەچی تا ئێستا یاساکە نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەکی بۆ پێکھێندراوە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە ئیدارییەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە یاسا پەیڕەو ناکرێت، تا ئێستاش دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە عەسکەرتاریەتە، ئێستاش عەقلیەتی تەعریب و شۆڤێنی و داگیرکاری لە کەرکووک پووچەڵ نەکراوەتەوە و ھەر ماوە.