سلێمان تاشان – ههولێر
لە هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەرز ڕاگیرا و لە هەموو شارەکانی هەرێم بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی مەولوود کرا و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بۆ ئەو بۆنە پیرۆزە بەڕێوەچوو. هەموو سیماکانی ئەو یادە پیرۆزە جوانن، لە بەخشینەوە و دابەشکردنی خواردن و شیرینی بگرە تا یارمەتیدانی هەژاران و داشکاندنی نرخی شتومەک، بەڵام بێبەری نییە لە هەندێک دیاردەی ناشارستانی کە ڕێک پێچەوانەی پەیامی پێغەمبەری ئیسلامە.
رۆژەکە لە ڕۆژمێری هەرێمی کوردستان کراوەتە پشوو و پێنجشەمی ڕابردوو لە بەشێک لە مزگەوتەکانی کوردستان یادەکە بەرز ڕاگیرا و مەولودنامە خوێنرایەوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێوڕەسمی خۆراوجۆر لە گەڕەک و شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە جەژنەکە لای بەشێک لە بڕواداران بیدعەیە و ڕەتی دەکەنەوە بەڵام لای زۆرینە جەژنێکی پیرۆزە و بە شکۆوە یادی دەکرێتەوە، جەژنێک کە بە باڵای کوردەوە دورواوە و بۆ یەکەم جار لە سەردەمی سوڵتان موزەفەر لە هەولێر پیرۆز کراوە، سیمایەکی کوردانەی وەرگرتووە و پاشان بە شار و وڵاتانی تریشدا بڵاو بۆتەوە.
لە هەولێر گەرم و گوڕتر لە هەر شارێکی دیکەی کوردستان یادی مەولود پیرۆز کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەنتەری شاری هەولێر جمەی دەهات لە خەڵک و لەبەر ئاپۆرای جەماوەر ڕێ بە ڕێدار نەدەکەوت. بەشێک لە دووکان و بازاڕەکانی بەو بۆنەیەوە ڕازێنرابوونەوە و تابلۆ و پۆستەری زۆر گەورەی یادی مەولود لە بەردەم دەرگای سەرەکیی قەڵای هەولێر هەڵواسرابوو و خەڵک و گەشتیاران لەم ڕۆژەدا وێنەی یادگارییان تۆمار دەکرد.
هەرچەندە ڕۆژەکە جەژنە و بۆنەیەکی پیرۆزە بەڵام بێ کێشە نییە و بێبەری نییە لە هەندێک دیاردەی ناشارستانی و دوور لە بەهاکانی ئیسلام . هەست بەوە دەکرێ خەڵک ئەوەندەی بۆنەکەیان کردووەتە عادەت و وەک نەریتێکی ساڵانە دووبارەی دەکەنەوە ئەوەندە لە جەوهەری یادەکە تێنەگەیشتوون و وەک پێویست ڕێز لە پەیام و فەرموودەکانی پێغەمبەرەکەیان ناگرن.
راستە خەڵک بە جلوبەرگی نوێ دەردەکەون و بە ڕووخساریانەوە شادییەکی زۆر دیارە و هەندێک جاریش دەستەی دەفژەن دەردەکەون و بە گوتنەوەی سروودی ئایینی هێندەی تر ڕێوڕەسمەکە دەڕازێننەوە کە بەشێکە لە جوانییەکانی بۆنەکە بەڵام کە سەیری شەقام و ڕێگاوبان و پیادەڕۆکان دەکەیت بە زبڵ و پاشماوەی پلاستیک و پیسی داپۆشراون، هەر هەنگاوێک دەنێیت دەبێت شوێنی بەتاڵ بۆ پێت بدۆزیتەوە لەسەری دانێت نەکا پێت بکەوێتە سەر بتڵێک ئاو یان شووشە و بکەویتە خوارەوە.
هەست دەکەی هیچ کەسێک فەرموودەکانی پێغمبەر لەبارەی پاک و خاوێنی لەبیر نەماوە ، ڕوو لە هەر گۆشە و کەنارێکی شەقامەکان دەکەیت زبڵ هەڵدراوەتەوە و خەڵک لە کاتێکدا خۆشی دەردەبڕن و سڵاوات لێدەدەن لە هەمان کاتدا بتڵی بەتاڵی دەستیان هەر لەسەر شەقامەکە فڕێ دەدەنە خوارەوە.
فەرموودەیەکی پێغەمبەر هەیە کە دەڵێت ”پاکوخاوێنی لە باوەڕەوەیە” کە بە واتای ئەوە دێت پاک و خاوێنی بەشێکە لە ئیمان و باوەڕ بەڵام کە سەیری ئەو شەقام و کۆڵانانە دەکەی وا هەست دەکەیت کە زۆربەی خەڵک لە پەیامەکانی پێغەمبەر تێنەگەیشتوون یانیش تێگەیشتوون بەڵام بەقسەی ناکەن ئەگەرنا ئەگەر بتهەوێت بەراستی ڕێز لە هەر کەسێک بگری ئەوا بەقسەی ئامۆژگارییەکانی دەکەیت و وا دەکەیت لە ژیان و ڕەفتارتدا ڕەنگ بداتەوە .
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاری هەولێر دوای ڕێوڕەسمەکەی مەولودی ئەمساڵ زیاتر لە سی تۆن زبڵ و خاشاک تەنیا لە دەوری قەڵا کۆ کراوەتەوە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پێنج تۆن زیادی کردووە و یادەکە ئەرکی پارێزەرانی ژینگەی قورستر کردووە کە دەکرێ بۆ سووکترکردنی ئەرکەکە بقۆزرێتەوە.

