ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئابی 2025 – هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە فراوانبووندایە و سوودێکی زۆری بۆ هەموو چین و توێژەکان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی دا، بە دابینکردنی بنەتۆی باوەڕپێکراو و گونجاو لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان، کە لەلایەن کۆمپانیای “فارم زۆن” و دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دابین کراوە. ئەم پڕۆژەیە 30 تۆن بنەتۆ دەگرێتەوە و دابەش دەکرێت بەسەر 75 جووتیاری 43 گونددا، بەمەش پشتگیرییەکی بەرچاو لە پەرەپێدانی کشتوکاڵ لەو ناوچانە دەکرێت.
سەید موراد ستایشی ڕۆڵی کابینەی نۆیەم و پشتیوانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ جووتیاران و بەرهەمە خۆماڵییەکان. گوتی، “کابینەی نۆیەم پشتیوانییەکی کارا و ڕەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە بۆ جووتیاران و پاڵپشتیی تەواوی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کردووە.”
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ شارەکانی دەرەوەی هەرێم، و هیوای خواست هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و بگات بە دەستی هەمووان.

