رۆژنامەی ھەولێر

٨٣%ـی هاووڵاتییانی هەرێم پسوولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی ھەولێر ئاگادارییەک دەداتە بریکارەکانی ئارد و خۆراکی پارێزگای ھەولێر و داوایان لێدەکات بەزووترین کات چەند ڕێکارێک جێبەجێ بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی ھەولێر بریکارەکانی ئارد و خۆراکی سنووری پارێزگای ھەولێر ئاگادار دەکاتەوە بەزووترین کات ئەپڵیکەیشنی (واتس ئاپ و تیلیگرام) لە مۆبایلەکانیان دابەزێنن، چونکە لەم مانگەوە لیستی ئارد و خۆراک لەڕێگای گرووپێکی (واتس ئاپ و تیلیگرام)ەوە بۆیان دەنێردرێت.
بۆ لەمەودوا ھاووڵاتییان لەڕێگەی ئەپڵیکەشنێکی تایبەت بە خۆراک، ئاگاداری ھاتنی بەشە خۆراک و ئاردی مانگانەیان دەبن، ھەروەھا لە گۆڕانکارییەکانی ماددەکانی بەشە خۆراکیش ئاگاداردەکرێنەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی بارزگانیی ھەرێمی کوردستانیش، لە ٨٣%ـی ھاووڵاتییانی ھەرێم پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی.
ھەروەھا بە پشت بەستن بە ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بە ڕێژەی ٨٨%، ھەولێر ٨٥%، سلێمانی ٨٤% و دھۆک ٧٩%ـی ھاووڵاتییان پسوولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی.