رۆژنامەی ھەولێر

ئاكەپە بەپاڵپشتی دەم پارتی توركیا دەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

ئاكەپە و مەهەپە، خەریكی داڕشتنی پلانێكن بۆ ئەوەی بتوانن توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، تا لەو رێگەیەوە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.

بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە دوو خوول ببێتە سەركۆماریی توركیا، بۆیە ئەرۆدغان شانسی بوونەوەی بەسەركۆمار، یان بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی نییە، بەڵام هەر لە دەستووردا هاتووە، ئەگەر لە خوولی دووەمی سەرۆكایەتیدا، پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات خوولی دووەم بۆ سەرۆك هەژمار ناكرێت و دەتوانێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.

ئەردۆغان، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات، تا بتوانێت دەستوور هەموار بكاتەوە و بەیاسا رێگە بۆ خۆی خۆش بكات بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام پێویستی بە ٤٠٠ دەنگی پەرلەمانتارانە، چوونكە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە ناگاتە ٣٣٠ كورسی.

دەنیز زەیرەك، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا ئاشكرای دەكات، تاكە رێگە لەبەردەم ئەردۆغان، هەڵوەشانەوەی پەرلەمانە، بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیش پێویستی بە دەنگی ٣٦٧ پەرلەمانتارە، بۆیە دەبێت روو لە دەم پارتی بكات تا پاڵپشتییان بكەن.

زەیرەك زانیاریی وەرگرتووە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، داوای لە دەم پارتی كردووە، پاڵپشتی ئاكەپە و مەهەپە بن، بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رەوشی ئابووریی لە توركیا زۆر خراپە، هەموو دەزگاكانی راپرسیش باس لەوە دەكەن، دەنگی ئاكەپە زۆر كەمی كردووە و ئەردۆغانیش ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەركۆماریی توركیا. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەی بۆچی ئەردۆغان توركیا دەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە؟

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغان بوو و هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەبوون، ئەگەر ببێتە ركابەری ئەردۆغان، دەتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە و لەسەر كورسییەكەی ئەردۆغان دانیشێت، بەڵام ئێستا مەترسی ئیمامئۆغڵو نەماوە و خراوەتە زیندانەوە.

بەهێزترین بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، مەنسوور یاڤاشە، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ.

وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، ئەگەر یاڤاش ببێتە بەربژێر، شانسی ئەردۆغان بۆ بردنەوەی زۆر زۆرە، چونكە یاڤاش كەسێكی نەتەوە پەرستە و كورد ئەوی قبوڵ نییە و رەتی دەكاتەوە، چەند جارێكیش سووكایەتیی بە كورد كردووە و هەرگیز دەنگی نادەنێ، تەنانەت ئەگەر دەم پارتیش بە دەنگدەرەكانی بڵێت دەنگی بدەنێ، بۆیە ئەردۆغان ئەمەی بە هەلێكی زێڕین زانیوە تا بتوانێت ببێتەوە بە سەركۆماریی توركیا.

كورد لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپەدا، پڕۆسەی ئاشتی دەستپێكردووە، واتە دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەكتری تا بتوانن ئاشتییەكی بەردەوام بۆ توركیا فەراهەم بكەن، بۆیە ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ناكرێت دەم پارتی دژایەتی ئەردۆغان بكات، بەڵكوو دەبێت پاڵپشتی بكات و دەنگی پێبدات، چونكە ناكرێت لە پڕۆسەی ئاشتی دەست بخەنە ناو دەستی ئەردۆغان، كەچی لە هەڵبژاردندا بە تاكڕەو ناوی بهێنن.

وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەردۆغان تا دڵنیاییەكی تەواو لە دەم پارتی وەرنەگرێت بەوەی لە هەڵبژاردندا دەنگی پێدەدەن، توركیا ناباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام پاڵپشتی دەم پارتی لە ئەردۆغان، رێگەی بۆ خۆش دەكات، تا بۆ جاری سێیەم لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دابنیشێت، بەڵام نازانرێت ئەگەر دەم پارتی پاڵپشتی لە ئەردۆغان بكات، لەبەرامبەر چی پاڵپشتی دەكات؟