رۆژنامەی ھەولێر

پرۆژەی ڕووناکی کوردستان دەباتە قۆناخی زێڕینەوە

 

 

زۆرن ئەو پرۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بوژاندنەوە و گەشەسەندن لە بوارە جیاوازەکان پێشکەشی کردووە، بەڵام قەیرانی درێژخایەنی کارەبا گرفتێکی گەورەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو کە لە کۆتاییدا بە پرۆژەی ڕووناکی کۆتایی پێهات.

وەک لە ئامانجەکانی ئەو پرۆژە ستراتیژییەدا خراوەتەڕوو، سوودەکانی فرە ڕەهەندە و یەکێک لەوانەش تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات بەنرخێکی کەمتر لەپێشوو، هەروەها نەمانی ژاوەژاو و پیسکردنی ژینگە لەلایەن مۆلیدە تایبەتەکانی گەڕەکەکان، جگە لەوەی ڕێگا خۆش دەکات بۆ چەندین بواری دیکەی پەیوەست بە ژیان و گورزەرانی هاووڵاتیان.
تا ئێستا لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە زیاتر لە ٢ ملیۆن و حەوتسەد هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە، وە بڕیارە تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كاره‌بای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هه‌رێمی كوردستان ببێتە ٢٤ سەعاتی.
ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە سەد هەزار شوێن و موڵکی بازرگانییش کارەبای پرۆژەکەیان پێگەیشتووە و هەزاران مووەلیدەی کارەباش کوژێندراونەتەوە، کە ئەمەیان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژینگەی کوردستان و خۆ ئامادەکردنی زیاتر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هەرچەندە دۆخی خزمەتگوزاریییەکانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاکانی عێراق بەراورد ناکرێت و لەو بوارەدا هەرێمی کوردستان زۆر لە پێشە، بەڵام بە تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە کوردستان پێ دەنێتە قۆناخێکی زێڕینەوە لە دەستەبەر کردنی کارەبای بەردەوام بۆ دانیشتووانی.
ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەزمەی کارەبایە و هاووڵاتیان لە بارودۆخێکی خراپدا گوزەران دەکەن، پرۆژەی ڕووناکی لە کوردستان هاوکێشەکەی بە تەواوی گۆڕی و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەشی هەرە زۆریان کارەبایەکی بەردەوام و پڕ خواستی خۆیان بۆ فەراهەم کراوە و پێچەوانەی ساڵانی پێشوو گەرمای هاوین توشی ناڕەحەتی و دەردەسەریان ناکات.
ئەم پرۆژەیە بووەتە جێگای سەرنج و باسی میدیا و سۆشیال مێدیای ڕاگەیاندنکار و چالاکوانان و تەنانەت هاووڵاتیانی عێراق، لە کاتێکدا لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق ئەزمەیەکی قوڵی کارەبا هەیە و ماوە ماوەش دەنگی ناڕەزایی بەرز دەبێتەوە و خۆپیشاندان دەکرێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و ئاو و کارەباوە.
دوای ڕاگەیاندنی ئەم پرۆژەیەش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەندین لێدوان و دەکەوتنیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەن ئەو ئەزموونە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بگوازنەوە.
چاودێرێکی سیساسیش باس لە گرنگی ئەم پرۆژەیە و ڕەنگدانەوەی لە بوارەکانی دیکەی حوکمڕانی دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛ ئەم پرۆژەیە کوردستان دەگەیەنێتە قۆناخێکی زێڕین و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لێرەدا ناوەستێت و ئەمە سەرەتای هەنگاوە گەورەکانە. دەشڵێت؛ لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم پرۆژەیە، هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئاو و لە سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە کاردایە بۆ دابین کردنی ئاو و بەمەش هەرێمی کوردستان چیتر بە دەست قەیرانی خزمەتگوزارییەوە کە کارەبا و ئاو لە گرنگترینیانن کەموکوڕی نامێنێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، باس لەوە دەکەن یەکێک لە ناکۆکییەکانی حکوونەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانەن کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێن و حکوومەتی عێراقیش لە بری ئەوەی دەستگیری حکوومەتی هەرێم بێت و خۆشی قۆڵی لێ هەڵماڵێت پەڵپ و بیانوو بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەیەوێت دایماڵێت لە پێشکەوتنەکانی.