ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
كونسوڵخانەی گشتی پۆڵەندا و ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور (KCAC)، بڕی ٢٠هەزار دۆلار هاوكاری پێشکەش دەکەن بۆ بەدیجیتاڵكردنی دەستنووسەكانی زانكۆی سەلاحەدین.
سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین بە (هەولێر)ـی ڕاگەیاند:” پ. د. كامەران یونس محەمەئەمین سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ، پێشوازی لە “كونسوڵی گشتی پۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور (KCAC) و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم چواچێوەیەوە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ ئەم مەبەستە واژۆ دەكرێت و لە ڕێوڕەسمێك دەست بە كاروبارەكان دەكرێت؛ ئەم پرۆژەیە لە ڕێگای دابینكردنی سكانەری پێشكەوتوو دەبێت و سەرجەم دەستنووسەكان سكان و ئەرشیف دەكرێن و دەپارێزرێن.
هەندێك دەستنووسی تایبەت لە زانكۆی سەلاحەدین هەیە لە هیچ شوێنێك نییە و زانكۆ بە هەماهەنگی ئەم دوو دامەزراوەیە كار بۆ پاراستنی دەكات.
محەمەد فاتیح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی:” خۆشحاڵین بە وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی لە كونسوڵخانەی گشتی كۆماری پۆڵەندا بۆ دیجیتاڵكردنی ئەرشیف و بەڵگەنامەكانی سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەكادیمی زانكۆی سەلاحەدین. ئەركی ئەم یەكەیە، دیجیتاڵكردنی سەرچاوە دانسقە و بەهادارەكانی ئەم سەنتەرەیە، لە سەرووی هەموویانەوە دەستنووس و بەڵگەنامەكان.
ئەم یەكەیە دەبێتە سێیەم لقی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور بۆ مەبەستی دیجیتاڵكردنی ئەرشیف و پاراستن و بەردەستخستنیان بۆ خوێنەران و لێكۆڵەران؛ میشیل ڤۆنیاكی نوێنەری كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی گشتی كۆماری پۆڵەندا لە هەولێر گوتی: پاراستنی ئەو میراتە كوردییەی لە دەستنووسە كوردییەكان نووسراوە، مێژووەكەیان بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ نەك تەنها بۆ ئەو ئەمڕۆیە پێویستە بەڵكو بۆ نەوەكانی داهاتوو پێویستە بیان پارێزین، لە رێگەی ئەم پرۆسەیە و بە دیجیتاڵكردنەوەی دەستوونووسەكان كە ئێمە بەشدارین لە بەئەنجامگەیاندنی، دەبێـتە هۆكاریك كە ئەم میراتە بۆ خەڵكی گشتی و توێژەران لە سەرانسەری بەردەست ببێت.
پ. ی. د. شاڵاو عەبدولخالق محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆشنبیریی زانكۆ، سەبارەت بەو پرۆژەیە گوتی متمانە و دڵسۆزی و سەركەوتن سێ پرنسیپی گرێدراوی یەكترن؛ ئەم هەنگاوە یەكێكی تر بوو لە ڕۆژە تایبەتەكانی سەركەوتن بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری زانكۆی سەلاحەدین، كە توانرا بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور بڕی ٢٠هەزار دۆلار بۆ یەكەی بەڵگەنامە مێژووییەكانی سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەكادیمی زانكۆی سەلاحەدینی هەولێر بەدەست بهێنین كە لەلایەن قونسوڵییەی پۆڵەنداوە تەرخان كراوە. سەرەڕای ماندووبوونێكی زۆری تیمێكی تایبەت بۆ وەرگرتنی ئەو ٢٠هەزار دۆلارە بۆ ماوەی چەندین مانگە لەكاركردنی پێكەوەیی لەنێوان تیمی بەڵگەنامەكانی سەرنتەرەكەمان لەگەڵ تیمی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور، بەڵام دەتوانم بڵێم متمانەی بەڕێز سەرۆكی زانكۆ كاك دكتۆر کامەران یونس، هۆكاری سەرەكی ئەو سەركەوتنە بوو. ئەم گرانتە تەنها لە ڕووی داراییەوە گرنگ نیە، چونكە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سوپاسەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی سەنتەرەكەمان پارەیەكی زۆر زۆر زیاتری خەرج كردبوو، بەڵكو ئەو گرانتە سەرەڕای گرنگیە داراییەكەی گرنگییەکی ئەكادیمیشی هەیە، ئەوانەی هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی گرانت داوە، دەزانن لە زانكۆ پێشكەوتووەكان ئەو گرانتانە چەندە كاریگەری هەیە لەسەر پێشخستنی زانكۆكان و ئەمەش بەو مانایە نایەت كەس هاوكارمان نەبووە بۆ پێشخستنی سەنتەر، بەڵكو كاری دەستەجەمعی سەرجەم دۆست و هاوكارانمان لە سەرۆكایەتیی زانكۆ بە تایبەتی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ لایەنی كارگێڕی و دارایی دیار و بەرچاوە لەگەڵ سەرجەم ئەو بەڕێوەبەرانەی بەردەوام هاوكارمانن، بۆیە دەڵێم، بۆ هەر دامەزاوەیەكی حكومی و ناحكومی (تایبەت و گشتی) متمانە و دڵسۆزی و سەركەوتن سێ پرنسیپی گرێدراوی یەكترن و هیچكامیان بەبێ ئەوەی تر بەردەوم نابێت.

