رۆژنامەی ھەولێر

مەراسیمی هاوخەمی بۆ هەرسێ‌ كوژراوەكەی بەنزینخانەکەى هەولێر بەڕێوەچوو

 

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2025.8.11، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر و ئاریان صلاح الدين، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش، مەراسیمی هاوخەمی ژمارەیەک لە یاریزانانى شارى هەولێر بۆ هەرسێ‌ كوژراوەكەی بەنزینخانەکەى شارى هەولێر بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان تاجەگوڵینەیان لە بەردەم وێنەى قوربانیانى ڕووداوەکە دانا و هاوخەمیم و پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ڕاگەیاند و، نزیانکرد خودای گەورە ئارامی بە کەسوکار و خانەوادەکانیان بدات و گیانی قوربانیانیش بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتى بەرینیان شاد بکات.

جێگەى باسە، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو بەهۆى ڕژانى بەنزین، دەمەقاڵێ لە نێوان دوو گەنجی بە ڕەچەڵەک عەرەب و یەكێك لە كارمەندانی بەنزینخانەیەکى سەر رێگەی هەولێر – کەسنەزان دروست دەبێت، کارمەندی بەنزینخانەکە بەچەکى کلاشنکۆڤ دەستڕێژی گوللـە لە هەردووکیان دەکات و بەهۆیەوە هەردوو گەنجەکە دەکوژرێن و لە دەرەوەی بەنزینخانەکەش گوللـەیەک بەر هاونیشتمانییەکى تر دەکەوێت و ئەویش گیان لە دەستدەدات.