و: شێرکۆ حەبیب
بەشی یەکەم
ئەم دیمانەیەی خوالێخۆشبوو ساڵح یوسفی ساڵی ١٩٧١ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس غازی جاسم بۆ ڕۆژنامەی (الهدف) ئەنجام دراوە. بەبۆنەی ساڵیادی رێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠نووسیویەتی: دیمانەیەک لەگەڵ ساڵح یوسفی وەزیری دەوڵەتی عێراقی، یەکێکە لە کەسایەتیە دیارەکانی بواری سیاسەت لە عێراق، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گفتوگۆی نێوان حکوومەتی عێراق- کورد، بەنوێنەرایەتی کورد و خودی مستەفا بارزانی، یوسفی کۆنترین ئەندامی لێژنەی ناوەندی و مەکتەب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەشداری کارای هەبوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، لە ئێستادا چەندین پۆستی گرنگی هەیە، وەزیری دەوڵەتی عێراقی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتی کە لەدوای ڕێککەوتنەکە دامەزرا، سەرۆکی کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی، بەرپرسی لقی پێنج پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا.
لەم دیمانەیە لەگەڵ پەیامنێری (الهدف) بەرێز یوسفی وەڵامی پرسیارەکانی هەنووکەی دەداتەوە کە جیگای بایەخی ئەوانەیە کە بایەخ بەدۆزی کورد و رێککەوتنی ١١ ئادار دەدەن.
رۆژنامە: رێککەوتنی ١١ی ئادار کۆتایی بە یەکێک لە گرفتە هەرە گەورە و بنەڕتییەکان لە عێراق هێنا، ئاشتی هەمیشەیی لە کوردستانی عێراق چەسپاند، ئایا هاوپەیمانیتان لەگەڵ دەسەڵات ژیانی دیموکراسی لە عێراق دابین دەکات؟
ساڵح یوسفی: ئاشکرایە ئەو بارودۆخە دژوارەی ناوچە کوردییەکانی گرتەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد بە پێشڕەوایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکەکەی مستەفا بارزانی لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ و بەکۆتا هاتنی بە ڕێککەوتنە مێژوویەکەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ١١ ئادار دا، لەگەڵ ئەوەی دانوستانەکانی ساڵانی ١٩٦٣،١٩٦٤، ١٩٦٦ سەکەوتوو نەبوون، من زۆر بە روونی دەڵێم کە ئەم هەلومەرجە ناوازە و توندوتیژانە پێش بناغەکانی سەقامگیری و یەکڕیزیی نەتەوەیی و ژیانی دیموکراسی لە عێراقدا بەتەواوی پەکیان کەوتبوو، بە لەبەرچاوگرتنی قووڵایی و فراوانی بزووتنەوەی کورد کە هەموو ناوچەکە و هەموو خەڵکەکەی لەخۆگرتبوو، هەروەها رێککەوتنی ١١ی ئادار، کە تێیدا گەورەترین کێشە لە مێژووی سیاسەتی هاوچەرخی عێراقدا چارەسەر کرد، بناغەی بنەڕەتی بۆ نەتەوەیی و دابینکرد یەکڕیزی و برایەتی بەهێز و سەقامگیری سیاسی و کەشێکی گونجاوی بۆ ئەگەری زیندووکردنەوەی ژیانی دیموکراسی لە قۆناغی نوێدا دابین کرد.
رۆژنامەنووس: هەروەک ئاشکرایە گفتوگۆیەکی درێژ خایەن بەرێوەچوو لە نێوان دەسەڵات و سەرجەم هێزە نیشمانییەکان بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی نیشتمانی بنکە فراوان و حکوومەتیکی پێکهاتەی نیشتمانی، ئایا پارتەکەی ئێوە لایەنێکە لەو دیالۆگە و، گفتوگۆکان بە کوێ گەیشتن؟
ساڵح یوسفی: حیزبی ئێمە، بە هۆی ئەوەی کە لایەنی دووەمە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد، کە لەگەڵ کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی عێراقدا تێکەڵ بووە و، هەروەها بە هۆی پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو لایەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە، کە زەمینەی بنەڕەتی بۆ بنیاتنانی بەرەی نیشتمانی لە عێراق پێکدەهێنێت، لەسەر بنەمای ڕۆشنایی ئەم ڕەچاو کردنانە، ناتوانرێت هیچ گفتوگۆیەک بە دابڕان لێی بەڕێوەبچێت یان پشتگوێ بخرێت، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو هەستیاری و نیشتووانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێو هێزە نیشتمانییەکاندا بەجێماوە، بە داخەوە ڕێگریان کردووە لە گەیشتن بە ئەنجامە ئەرێنی و بەرهەمدارەکان بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی فراوانی نیشتمانی. بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی ئەم ویستە کە بەرژەوەندی گشتی داوا دەکات.
رۆژنامەنووس: کاریگەری ڕێککەوتنی ١١ی ئادار لەسەر حکوومەتی عێراق چۆن دەبێت؟
ساڵح یوسفی: هەروەک زانراوە کە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد بە سەرەتایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ تەرخانکرنی ئەو وزە دوژمنکارانە و ئینسانی و سەربازییانەی کە لە کردەوەی توندوتیژی و شەڕی براکوژیدا بەرجەستە کرابوون، بۆ ئەوەی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی خۆیان لە ڕووکردنە سەر ئەرکە شارستانییەکانیان لە ناوخۆ و ئەرکە چارەنووسسازەکانیان لە ئاستی نەتەوەی عەرەب و لە پشتیوانیکردنی بەرەی ڕۆژهەڵات و درێژەدان بە خەبات لە دژی دوژمنانی.
رۆژنامەنووس: ئایا دەتوانن باسی ئەو قۆناغانەمان بۆ بکەن کە رێککەوتنی ١١ی ئادار پلانی بۆ داناوە و ڕەهەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە چین و ئایا بەڕاستی بڕیاری نهێنی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەیە کە تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە؟
ساڵح یوسفی: لەڕاستیدا ڕێککەوتنی ١١ی ئادار لە بواری جێبەجێکردندا هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانەش گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا ئەمەش جێگەی ڕەزامەندییە، ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی کورد و گەڕاندنەوەی فەرمانبەر و کرێکارە دەرکراوەکان و گەرانەوەیان بۆ کارەکانی پێشوویان، وە هەروەها گەڕانەوەی ئەو فەرمانبەرانەی دوورخرابوونەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان و ئاوەدانکردنەوەی زۆرێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی ڕێگاوبان و پردەکان و جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی پیشەسازی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، دامەزراندنی فەرمامبەرانی کارگێڕی و پۆلیس لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و گەڕاندنەوەی ئیدارە ناوخۆییەکانی، دامەزراندنی دیبلۆماتکاران لە بواری دەرەوە، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانی (الفرسان) بەگرێ گیراوەکان کە ئامراز بوون بۆ لەبار بردنی سەرجەم گفتوگۆکان، دامەزراندنی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور لە یەکە کوردییەکان، و پاداشتی ئەوانە بکرێت کە بێ کار بوون تا کارێکیان بۆ دابین دەکرێت بە پێی ئەم رێککەوتنامەیە، دەرکردنی هەندێک یاسای بەسوود و دەستپێکردنی چالاکیی سیاسی و میدیایی فراوان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، هاوکات جێبەجێکردنی خوێندنی کوردی لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کورد تێیدا نیشتەجێیە، جگە لە خوێندنی زمانی عەرەبی.
لایەنی کوردی بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی و ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی نەتەوەیی و ئەوەی دوای ڕەهەندەکانی بەیاننامەکە و گرنگترین بڕگەی تیایدا دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرایەتی بەپێی ئەو تایبەتمەندییەی تیایدا ئاماژە پێکراوە، کە ئەم ڕێککەوتنە بە تەواوی جیا دەکاتەوە لەو دانوستانانەی پێش خۆی، ئەگەر دروست بێت ناویان بنێین دانوستان، چونکە لە واقیعدا هەردووکیان ئاگربەستی کاتی بوون کە بەخێرایی دەگۆڕێن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دیسانەوە بەهۆی نەبوونی توخمە قەناعەت، متمانە، تێگەیشتنی بابەتیانە، تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی کێشەکە و دانانی بناغە بابەتییەکان بۆ پلاندانان و چارەسەرکردنی.
سەبارەت بە هەندێک خاڵ کە لەسەری ڕێککەوتوون و نەخراونەتەڕوو، بەپێویستمان نەزانی ڕایانبگەیەنین چونکە خاڵی ڕوونن و پێویست ناکات بڵاوبکرێنەوە.
رۆژنامەنووس: بڕگەیەکی گرنگ و هەستیار هەیە کە داوا لە کورد دەکات چەکی قورس و ڕادیۆ تەسلیم بکرێت، کە کوردەکان بەکاریان دەهێنا بۆ پەخشکردنی لێدوانەکانیان بۆ میللەت و بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق. ئایا لە ڕاستیدا شتێکی لەم جۆرە ڕوویداوە، یان پەیوەندی جێبەجێکردنی بە قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنامەکەوە هەیە؟
ساڵح یوسفی: بێگومان چەکی قورس لە دەستی سوپا و هێزە چەکدارەکاندا دەبێت، پێشمەرگەش بووەتە بەشێک لە هێزە چەکدارەکان. بۆیە دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا پێویستە بەشێک لەو چەکانە بهێڵنەوە و ئەوەی دیکەیان ڕادەستی دەسەڵاتی نیشتمانی و ئەو هێزە چەکدارانەی کە سەر بە وانن، بەپێی ڕێککەوتنەکە یەکلایی دەکرێتەوە و کێشە نییە. لە ڕاستیدا بەشێکیان ڕادەست کراوە ئەوەی لەبارەیانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، هەروەها کەرەستەی ڕادیۆش ڕادەست کراوە، چونکە گەلی کورد سەرپەرشتی ڕادیۆکە لە ئەستۆ دەگرێت.
رۆژنامەنووس: رۆڵی کارگەری ریککەوتنی ١١ ئادار لەسەر گەڕانەوە ئارامی و ئاسایش نەتەوەی لە عێراق چۆن دەبێت؟
ساڵح یوسفی: ڕوونە کە ١١ی ئادار باشترین هەلومەرجی بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئارامی لە عێراقدا ڕەخساند، بەشێک لەو ڕووداوە ئاساییانەی کە ناوبەناو لە ناوچەکانی کوردیدا ڕوودەدەن، تەنیا لە ڕیزی ئەو ڕووداوە بچووکانەن کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوودەدەن و هیچ وڵاتێک لێیان بەدوور نییە.

