رۆژنامەی ھەولێر

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: جینۆسایدی ئێزدییەکان بەردەوامیی ئەو کارەسات و جینۆسایدانە بوو کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کورد کراون

دوێنێ، 11 ساڵ بەسەر جینۆسایکردنی کوردانی ئێزدیدا تێپەڕی و لەو یادەدا، لە شاری دهۆک مەراسیمێکی گەورە بەڕیوەچوو، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی لە مەراسیمەکەدا پێشکەش کرد.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ جینۆسایکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوامیی ئەو کارەسات و جینۆسایدانە بوو کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کورد ئەنجام دراون؛ وەک جینۆسایدی فەیلی و بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال کیمیابارانکردنی بادینان، بالیسان و هەڵەبجە. ئەم جۆرە کارەساتانە، بەرهەمی عەقڵییەتێکی شۆڤێنییە کە بەداخەوە هێشتا عەقڵییەتی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد، لە لایەن هەندێک کەس و لایەنی سیاسی و بەرپرسانی بەغداوە بەردەوامە.”
وتیشی؛ سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و بارودۆخی ناهەمواری ئابووری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێخکراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی پێویست بۆ هەموو ئاوارەکانی شنگال، بە تایبەت ئەوانەی لە کەمپەکان دەژین و بەردەوامیش دەبین.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ بەداخەوە تا ئێستا کەمترخەمییەک لە لایەن دەزگاکانی فیدراڵییەوە بۆ بە جینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال هەیە. 11 ساڵ بەسەر کارەساتەکە تێپەڕیوە، کەچی تا ئێستا هیچ دادگایەکی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشی دانەمەزرێنراوە و بەداخەوە ڕێگری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە دادگایەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنێت.”
ڕێبەر ئەحمەد، ڕایگەیاند؛ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆگرامێکی هاریکاریی دارایی بۆ پاڵپشتیی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 3500 ڕزگاربوو لێی سوودمەند دەبن.
دووپاتیشی کردەوە، پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییە داراییە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە بە ڕزگاربووانی ئێزدی “هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و ژیانێکی سەربەرزانە بۆیان.”
ئامژەی بەوەش کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە ئاسانکارییەک پێشکەش کردووە، تا پەروەردەیەکی شایستە بۆ خێزانی ڕزگاربووان دابین بکات. ڕێکارەکانی تۆمارکردنی ڕزگاربووانی ئێزدی لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانی ئاسانکردووە، کرێی خوێندنی پاراڵێلیان لە زانکۆ حکوومی و تایبەتەکان بۆ هەڵوەشێنراوەتەوە.
هەر لە وتەکانیدا، ئەوەی خستەڕوو؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی گەڕاندنەوەی ڕفێنراوانی ئێزدی، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێنراوان بەردەوامن و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 589 کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگارکراون.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵ کرد، کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنن و هەنگاو بنێن بۆ جێبەجێکردنی ؛
– قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی خوشک و برایانی ئێزدی.
– مسۆگەرکردنی گەڕاندنەوەیەکی سەربەرزانەی ئێزدییەکان بۆ زێدی باب و باپیرانیان.
– دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایکردنی تیرۆریستانی داعش.
– جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال.
– پاککردنەوەی شنگال لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان.
– گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری.
– ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی شنگال بە شێوەیەکی گشتی.
– جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق.
وتیشی؛ دەبێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی هەموو قوربانییانی خوشک و برایانی ئێزدی و قوربانییانی دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بکاتەوە کە بەر بە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کەوتوون. “