رۆژنامەی ھەولێر

٤٢ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

ئەمڕۆ ٤٢ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی تێدەپەڕێت، کاتێک بەھۆی کوردبوون لە زێدی خۆیان بەرەو خوارووی عێراق و دواجاریش بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان ڕاگوێزران و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ٣١-٧-١٩٨٣ بە بیانووی بردنیان بۆ کۆبوونەوەیەک لە شاری کەرکووک، لە بیابانەکانی نوگرە سەلمان زیندەبەچاڵ کران. کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکە، داوای ھێنانەوەی ھەموو ڕووفاتەکان بۆ خاکی کوردستان و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە و تاوانەکەش بە جینۆساید بناسێنرێت. بەگوتەی بەرپرسانی شەھیدان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ لەسەر ئاستێکی باڵا یادەکە دەکرێتەوە.

دەستپێکی ھەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی میللەتێک

پیلانی ئەنفالی بارزانییەکان، دەستپێکی ھەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی میللەتێک کە دەویست بە ئارامی و ئاشتی لەسەر خاکەکەی بژیت، بۆ ئەم مەبەستە دوژمنان مەڵبەندی تێکۆشانیان لە بارزان کردە ئامانج.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩، ڕژێمی بەعس تەواوی ھۆز و تیرەکانی سەر بە بارزان، کە خۆی لە عەشیرەتەکانی “بەڕۆژی، نزاری، مزووری، شێروانی، دۆڵەمەری، گەردی و ھەرکی بنەجێ” دەبینێتەوە، بەمەبەستی کپکردنی ھەستی نەتەوایەتی و بێدەنگکردنی ھاواری کوردایەتی، لە ناوچەکانیان ڕاگوێزرانە کۆمەڵگە زۆرەملێکان، لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٣، ڕژێمی ڕووخاو ھەڵمەتێکی ڕەشبگیری لە ھەریەک لە کۆمەڵگەکانی “دیانا، ھەریر، بەحرکە و قوشتەپە” دەستپێکرد و لەو ھەڵمەتەدا ھەشت ھەزار بارزانی بێتاوانی ئەنفالکرد و بە ھەزاران ئافرەت و منداڵیش لەدوای ئەوان بێ سەرپەرشت مانەوە.
دادگەی تاوانەکانی عێراق پاش ٦١ دانیشتن بڕیاری دا بە ناساندنی ئەنفالی گەلی کورد بە ھەریەکە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگ و جینۆساید، ھەروەھا حکوومەتی عێراقی ڕاسپارد بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان و قوربانیان و دۆزینەوە و ناساندنەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی شەھیدان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ کام لەو بڕیارانەی جێبەجێ نەکردووە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا، دەبێ مووچە و ئیمتیازات لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری شەھیدان دابین بکرێت، لە دەستووری عێراقیشدا ھاتووە، بەڵام ھێشتا بەغدا قەرەبووی نەکردوونەتەوە.

ھێشتا ڕووفاتی ٧٣٠٤ بارزانی لە باشووری عێراق ماون

تا ئێستا بە سێ قۆناغ ٦٩٦ ڕووفات ھێنراونەتەوە باوەشی نیشتمان، لە ٢٠٠٥ لە قۆناغی یەکەم ڕووفاتی ٥٠٣ کەس ھێنرانەوە، لە ٢٠١٤، ٩٣ ڕووفاتی دیکە ھێنرانەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕووفاتی ١٠٠ کەسی دیکە ھێنرانەوە و ھێشتا زیاتر لە ڕووفاتی ٧٣٠٤ کەسی دیکە ماوە کە بھێنرێنەوە، بەگوتەی بەرپرسان گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەوانی دیکە بەردەوامە.
مۆنۆمێنتی ئەنفال

مۆنۆمێنتی ئەنفال لە دەڤەری بارزان لەسەر ئەرک و بودجەی حکوومەتی ھەرێم کرایەوە، کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دروستکردنی ئەو مینۆمێنتە بە ھەنگاو و کار و پڕۆژەیەکی گرنگ لە قەلەم دەدەن و پێیانوایە ئەم گرنگی دانە، توانیویەتی تا ڕادەیەک لە خەم و ئێش و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە.
شێوە و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بارزانییەکان لەسەر گوڵی لالە دیزاین کراوە کە گوزارشت لە ھێما و پیرۆزییەکانی نیشتمان و ئەو زوڵم و کارەساتەی کە بەسەر گەلی کوردستاندا ھاتووە دەکات، شێوەی میمۆڕیالیش وەکو خونچەی گوڵێک دیزاین کراوە کە مانای بەردەوام بوونی ژیان دەگەیەنێت.

کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان و قەرەبووکردنەوە دەکەن

کوردستانیان، سەرگۆزەشتەی زۆر تاڵیان لەگەڵ دڵڕەقی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و لە پێش ھەموویانەوە ڕژێمی بەعسدا ھەیە، چیڕۆک و گێڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە، بە کۆتا نایەت، ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەڵگە و دیکۆمێنتی نوێ لەم بارەیەوە بەردەست دەکەون، لە دەرگای ھەر ماڵێکی ئەنفالکراو بدەی ئەلبوومێک ھەیە کە ھەر وێنەیەک زیاتر لە بیرەوەریەکی ئەو تراژیدیایە لەخۆ دەگرێت. زکری شاکر، شاھێد حاڵێکی ڕووداوەکەیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: ئەنفالکردنی بارزانییەکان بە ڕاگواستن دەستی پێکرد، بارزانییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بە وێرانکردنی دێھاتەکانیان و سووتاندنی دار و زەوییە چێنراوەکان و تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان، بارزانییەکان بەرلەوەی بەر ھەڵمەتی ئەنفال بکەون لە ساڵانی حەفتاکان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و دواتریش لە ساڵی ١٩٨٠ ھێنرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی قوشتەپە، دیانا، ھەریر و بەحرکە، ھەروەھا لە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێکران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردنیان دەستی پێکرد، لە ڕۆژی ٣١-٧- ١٩٨٣ دەست کرا بە گرتنی توخمی نێرینەی بارزانییەکان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق.
ھاجەر محەممەد، کە ھاوسەر و کوڕێک و زیاتر لە ١٢ خزم و کەسی ئەنفالکراوان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: بەداخەوە ئەم کارەساتەمان بەسەردا ھات، چیڕۆکێکی پڕ تراژیدییە، ئازارێکی زۆرمان بینی، کەس نەبوو بەخێومان بکات، ناچار بووین بۆ پەیداکردنی پارووەنانێک و بەخێوکردنی منداڵەکانمان، ڕوو لە ھەولێر و ناوچەکانی دیکە بکەین.
گوتیشی: کاتێک ھاوسەرەکەم دەستگیر کرا، بەرەبەیانییەکی زوو بوو، ھاوسەرەکەم دەیویست وەکو ھەر خەڵکێکی دیکە بچێتە سەر کار، بەڵام ھێزەکانی ڕژێمی بەعس دەوروبەری کۆمەڵگەکەمانی گرت و ھەرچی ڕەگەزی نێرینە ھەبوو لە نێوان ١٠ بۆ ٩٠ ساڵی، لەگەڵ خۆیان ڕاپێچیان کردن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گوازرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لەوێ ئەنفالکران، داواکارین لە حکوومەتی عێراق ھەرچی زووە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی کەسوکاری بارزانییەکان بکاتەوە.
قومریە مامند، ئافرەتێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دوای گرتنی کەسوکارمان، ئێمەشیان ئازار دەدا و بە قۆنداغەتفەنگ لە ئێمەیان دەدا و تەقەیان لە ئێمە دەکرد، بەو ھۆیەوە چەندین ئافرەت بریندار بوون، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ لە ناخۆشیدا دەژین، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ھەر کاتێک دەبێتەوە ئەو ڕۆژە، وا ھەست دەکەین کە ئێستا کەسوکاری ئێمە ئەنفالکراون، ھەموو پێنج شەممەیەک و ساڵیادی ڕۆژی دەستگیرکردنی بارزانییەکان، سەردانی گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان دەکەین و کەمێک لە خەمەکانمان دەڕەوێنینەوە، دواتریش بە چاوی پڕگریانەوە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.
خەجیج ئەحمەد، ئافرەتێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونی کردەوە: دوای دەستگیرکردنی کەسوکاری ئێمە، چەندین کێشە ڕووبەڕوومان بوونەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانمان ناخۆش دەبوو، حکوومەتی عێراق نەیدەھێشت کەس یارمەتی ئێمە بدات، زیاتر لە ھەشت ساڵ ژیانمان بەو ناخۆشییە بەسەر برد، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ھەولێر زۆر یارمەتیی ئێمەیان دا، ئێمەیان دەبردە کار و ڕۆژانە پارەی زیاتریان بە ئێمە دەدا، ھەر بۆیە قەت چاکە و مەردایەتیی خەڵکی ھەولێر لەبیر ناکەین و تا ماوین قەرزداری ئەوانین، داواش لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین فشار بخاتە سەر بەغدا تا کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە، وەکو دادگە بڕیاری لێ داوە.

ئەمڕۆ لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوەکانی بارزان یادەکە دەکرێتەوە

ئەمڕۆ بیرەوەریی ٤٢ـەمین ساڵیادی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان، بە دانانی تاجەگوڵینە و وتار خوێندنەوە و چەند چالاکییەکی دیکە بەرز ڕادەگیرێت. کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی ٣١/٧ـی ھەموو ساڵێک یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانییە بەدەستی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە، کە بەشێوەیەکی دڕندانە ھەشت ھەزار بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ زیندەبەچاڵ کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفاکراوانی سۆران، دەشڵێت: ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی نووسینگەی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی لە دەڤەری بارزان، یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بەرز ڕادەگیرێت، لەو یادەدا ئەوە بەبیر خەڵکی کوردستان و جیھان دێنینەوە، تاکە تاوانی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی کوردبوون بووە، کە دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە شەھید کران.