رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرى گرفت و کێشەکانى کارەبای دەوروبەرى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانى کرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.7.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرانى گشتیی دابەشکردنى کارەباى هەولێر و سۆران و قائیمقامى هەردوو قەزایی مێرگەسۆر و خەبات و بەرێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەولێر و بەرپرسانی دیکە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرى گرفت و کێشەکانى کارەبای دەوروبەرى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانى کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر پێداگیری لەسەر خێرا چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى کارەباى لە دەوربەرى شارى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران کرد و کۆنتڕۆڵى دابەشکردنى کارەباى هەولێریشى ڕاسپارد، ئەو بڕە کارەباییەى کە هەیە بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیازوازى بەسەر گوند و قەزا و ناحییەکانى دەوروبەرى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دابەش بکرێت.

لە بەشێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرى کەم و کورتییەکانى کارەبا بەشێوەیەکى خێرا و زانستی و بنەڕەتى و رێگاگرتن لە زیاد بەکارهێنانی کارەبا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە، کە هۆکارێکە بۆ هەڵکشانی پێوانەیی خواست و کەوتنەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر وێستگە و تۆڕەکانی کارەبا، تاوەکو بتوانرێت بە شێوەیەکى یەکسان ئەوبڕە کارەباییەى کە بەردەستە و ئەوەشى دەگەڕێتەوە ناو تۆڕى کارەبا، دابەشبکرێت.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا، لە بەرامبەر ئەوەى کە لە ئێستادا سەنتەرى شارى هەولێر لە دۆخێکى باشى کارەبا دایە و کارەباکەى بۆتە 24 کاتژمێرى، ئاشکراشى کرد، پڕۆژەى ڕووناکى بە خێراى بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو مانگى 10 و 11 ئەمساڵ تەواوى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەرەبەخۆى سۆران، سوودمەندبن لە کارەباى 24 کاتژمێرى و پڕۆژەکە بگاتە هەموو ماڵێک.