ئارام كۆشكی – سلێمانی
سەرەتاییترین ئەرکێک کە میدیاکار لە ئەستۆیدایە ئەوەیە کە “ئیتیکی میدیایی” بپارێزێت و هەموو هەوڵێک نەدات تەنها لەپێناو ئەوەی بینەر بۆ کەناڵە میدیاییەکەی زیاد بکات. ئەرکی میدیا گەورەترە لەوەی تەنها ئەرکی “بینەروروژێن” ببینێت، بەڵکو ئەرکی میدیا ئەوەیە زانیاریی دروست و وشیاریی گشتی بڵاو بکاتەوە و زانیارییە چەواشەکان ڕەت بکاتەوە و ڕاستییەکان بۆ بخاتەڕوو. بە دیوێکی دیکەدا ئەرکی میدیا ئەوەیە شاراوەکان ئاشکرا بکات، نەک هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانی و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاریی بدات.
کاری میدیایی کارکردنە لەنێو سەرزەمین و کێڵگەیەکی خۆڵەمێشیدا، نەک کێڵگەیەکی ڕەش و سپی. ئەرکی میدیا ئەوەیە لەو سەرزەمینە خۆڵەمێشییەدا ڕاستی و دروستی کێشەکان بە ڕەش و سپییەوە پیشان بدات، نەک تیشک بخاتە سەر یەکێکیان و ئەوی دیکە (کە لە بەرژەوەندی ئەو نییە) فەرامۆشی بکات.
ڕەنگە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا میدیای کوردی لە قەیرانی گەورەی ئیتیکیدا نەبووبێت، بەشی هەرە زۆری کەناڵە میدیاییەکان ئایدیایەکی ڕوون و پەیامێکی ئاشکرایان نییە و (بینەر/ بیسەر/ خوێنەر) نازانێت ئەم میدیایانە بۆچی کاردەکەن و چییان دەوێت و پەیامیان چییە؟ لە کاری میدیاییدا یاسایەکی بچووک هەیە کە “هەر میدیایەک پەیامی دیار نەبوو میدیایەکی چەواشەکارانەیە.” ئەو میدیایەی ئەمڕۆ بە سپیدا هەڵدەدات و دوای دوو مانگی دیکە بە ڕەشدا هەڵدەدات جگە لە میدیایەکی چەواشەکارانە هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت. میدیای ڕاستەقینە “ڕەش و سپی” وەک خۆی پیشان دەدات، نەک کەی ویستی ڕەش ون بکات و هەرکات پێویستی کرد سپی ون بکات و گرنگی بەوی دیکە بدات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە مووچە زەوتکراوەکە مانگی ئایار دابەشکرا، بەشێک لە میدیاکان کەوتنە سازدانی دیدار لەگەڵ مووچەخۆراندا، نازانرێ پەیامیان لەم جۆرە کارە چی بوو؟ ئایا دەیانەوێت مووچەخۆرێک، کە مووچە زەوتکراوەکەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دوای نزیکەی سێ مانگ وەردەگرێت چ هەستێکی هەبێت؟! ئەوەی میدیاکاری ڕاستەقینە بێت و خاوەنی ئیتیکێکی بەرزی میدیایی بێت خۆی لەم کارە نادات، نەک لەبەرئەوەی کەیسێکی میدیایی نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی کارێکی نائەخلاقییە هەستی بریندار و چاوەڕوانی مووچەخۆرێک جارێکی دیکە بریندار بکرێتەوە و ئەویش بکەوێتە هەڵڕشتنی دەردەدڵ و زۆرجاریشی هەڵڕشتنی هەندێک قسەی توند، کە هیچ پەیام و گرنگییەکی میدیایی نییە، چونکە تەنها گوزارشتکردنە لە دۆخی ڕۆحێکی برینداریی مووچەخۆرێک. بۆیە ئەو کەناڵە میدیایەشی خاوەنی ئیتیکی میدیای بێت کاری لەو چەشنە بڵاو ناکاتەوە.
بەڵام لێرەدا لە ڕوانین لەو جۆرە میدیایە با بپرسین ئایا ئەرکی میدیا ئەوەیە خوێ بەسەر برینەکاندا بکاتەوە و ڕۆحی برینداری ئەوانی تر بکولێنێتەوە. ئەوەی کاری میدیای ڕاستەقینەی لەسەر بەندە ئەوەیە کە ئەرکی ڕاستەقینەی میدیا بۆ بریندارکردنی ئەوانی دیکە نییە. ئەرکی میدیا ئەوەیە برینەکان ساڕێژ بکات. ڕاستییەکان بۆ هەموان ئاشکرا بکات. ئەوە میدیا نابەرپرسیارەکانن کە لەکاتی نەهامەتییەکاندا جەنگی دەروونی بەرپا دەکەن و نموونەی ئەم جۆرە میدیاییە لە ئێستا و ڕابردووشدا گەلێک زۆرە، بەڵام هەرگیز میدیا و میدیاکاری ڕاستەقینە نایەوێت برینەکان بکولێنێتەوە و لەپێناو لایک و ڤیودا ماڵئاوایی لە پەیامی ڕاستەقینەی میدیا بکات و سەرزەمینێکی پڕ گاڵتەجاڕی بخولقێنێت.
میدیای ڕاستەقینە مێژووی نەتەوە و تاکەکانی دەنووسێتەوە. بۆیە بەرپرسیارە لەوەی چی دەنووسێتەوە و چی پێشکەش دەکات؟ لێرەوەیە دەتوانین چەند پرەنسیپێکی گشتی دیاری بکەین و بڵێین:
*ئەگەر میدیایەک تەنها بۆ لایک و کۆمێنت و ڤیوو کاری کرد، میدیایەکی ڕاستەقینە نییە.
*هەر میدیایەک دەستی لە ساڕێژکردنی برینەکاندا نەبوو و هەولی کولانەوەی برینەکانیدا، میدیایەکی ڕاستەقینە نییە.
*هەر میدیایەک مێژووی ڕاستەقینەی نەتەوە و تاکەکانی نەنووسییەوە، خاوەنی ئامانجێکی ساختەی میدیاییە و میدیایەکی ڕاستەقینە نییە.
لێرەوەیە کە وشیاریی تاک گەلێک گرنگە کە میدیایەکی ڕاستەقینە بکاتە سەرچاوەی هەواڵی خۆی و ئەوانی دیکە بە فەرامۆشی بسپێرێت و ئەوانی دیکەش لە هەوڵە چەواشەکارانەکانی میدیاکارانی ساختە ئاگادار بکاتەوە. هەر لێرەوەیە دەتوانین بڵێین چەند کەناڵە میدیاییەکان بەرپرسیارێتی ئەخلاقیان لەسەرشانە ئەوا میدیاکارەکانیش هێندە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئیتیکی ئەخلاقی و پێشێل نەکردنی مافی ئەوانی تر.

