ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ـی ٧ـی ٢٠٢٥ لە قەزای شێخان، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن و ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ـی پ.د.ک و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتیی ئاینیی و کۆمەڵایەتی و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی قەزای شێخان، لە مەراسیمێکدا یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی شێخان بەرز ڕاگیرا و دامەزراندنی، تۆڕی میدیایی شێخان ڕاگەیەندرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد و پاشان دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە گرنگیی دامەزراندنی (ڕادیۆی شێخان) پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە گوتارەکەیدا باسی لە گرنگیی قەزای شێخان کرد و گوتی: ئەگەر سەیری ئەم قەزا شیرینەی کوردستان بکەین، دەبینین بە درێژایی ئەو سەت ساڵە و پێشتریش زێد و مەڵبەندی پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی و هەم پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە، ئێمە لە شوێنێک لە زێدێک دەئاخڤین کە جیۆگرافیای ڕەنگەکان و پێکەوەژیان بووە، بۆیە بە شانازییەوە ڕادیۆی شێخان هەمان خەسڵەتی هەڤژینی و فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی بەرجەستە کردووە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن، لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: پەیامی ئەم ڕادیۆیەش پەیامی دەڤەرەکەیە، پەیامێکی قووڵی دیرۆکییە، پەیامی جیۆگرافیا ڕەنگینەکەیەتی.
لێرەوەیش بەڵێن دەدەین، ئەم میدیایە، میدیای هەمووان بێت بەبێ جیاوازی، چونکە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خەسڵەتی ڕۆشنی ڕێبازی بارزانیی فێربووین کە لە کوردستان، جیاوازیی، پێکهاتە، ئایینەکان، نەتەوەکان و تێگەیشتنە جیاوازە فکرییەکان کۆبکەینەوە بۆ کوردستانێکی باشتر و ڕەنگینتر.
پاشان، چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن ژمارەیەک کیژ و کوڕی بەهرەمەندی دەڤەرەکە و، کەرنەڤاڵێکی هونەری ناوازە لەلایەن تیپی هونەری شاریا پێشکێش کران، کە گوزارشت بوون بۆ پێکەوەژیانی ئاینیی و نەتەوەیی و ناسنامەی کەلتووریی شێخان.
لە یادەکەدا، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن دیارییەکی پڕ بەهای پێشکەشی قەزای شێخان کرد، ئەویش بە دامەزراندنی تۆڕی میدیایی شێخان، کە بۆ لەمەودوا لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی میدیاییەوە خزمەتی ناوچەکە دەکات.
لە یادەکەدا، خەڵاتی ساڵانەی ڕادیۆی شێخان، بەخشرایە بنەماڵەی (مەلا خەلیل موشەختی)، کە یەکێکە لە هەڵبەستڤانە دیارەکانی کوردستان لە بوارەکانی ئەدەبی کوردی و ئەدەبیاتی کلاسیک.
بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە هەنگاو و بەرەڤپێشچوونە میدیاییە گرنگەکانی ڕادیۆی شێخان و ئەو کاریگەرییە پڕ بەهایەی کە لەو ماوەی کورتەی کارکردنیان هەیانبووە گوڵی ڕێزلێنانی بەخشیە ستافی ڕادیۆکە.

