کارکردن لە پرۆژەی ستراتیژیی و گرنگى ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر، بەردەوامە، کە لە 2024.9.17، لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەکە بە گوژمەی ( 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار) دانرا، لە ئێستاشدا 60٪ـی کارەکانی تەواوبووە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواوبکرێت.
پرۆژەکە، یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانى شارى هەولێر و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووک دابین دەكرێت و لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت، وێستگەی سەرەكیی لە قەشقە و خەزانی بانەبۆران كە كۆگەیەكی ناوەندییە و كۆگەی كانی بزرە، ڕۆژانە 3 هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە ڕووبارەكە وەردەگرێت، توانای بەرهەمهێنانی 3 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە بەگوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان، نزیكەی 40 كلیۆمەتر بۆڕیی كاربۆن ستیل درێژیی بۆڕییەكەیە، هەروەها 251 كیلۆمەتر بۆڕیی پۆلی ئەپیلین ((HDPE بۆ دابەشكردنی ئاو بۆ ناو قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و گوندەكان.
بە تەواوبوونى كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەبێت و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری شارى هەولێر.

