ئەمڕۆ سێشەممە 2025.5.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسى دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکانى شارى هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیایى و ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین و یاساکانى ئەو بوارە لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسى کرایەوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوەکردەوە، کە فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش وایکردووە چەندین کەناڵى گەورە و دەزگاى میدیا زۆر لە کوردستان دورستببێت و بوارى ڕۆژنامەگەرى بە گشتیى لە هەرێمى کوردستاندا پێ بنێتە قۆناغێكی پێشکەوتوو.
گوتیشى، کارى ڕۆژنامەنووسى تەنها پیشەنییە، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکى کۆمەڵایەتییە و پێویستە ڕۆژنامەنووس بە پابەندبوون بە یاساکان و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەگەرى بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەى ڕووداو بکات و پەیامەکانی بە ڕاستگۆیی بگەێنێت.
لە کۆتاییشدا، دواى ئەوەى ڕۆژنامەنووسان خواست و داواکاریەکانیان پیشکەش کرد بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى بەردەم ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، پارێزگارى هەولێر جەختى لە چارەسەرکردن و پاڵپشتى و هاریکاریکردنیان کردەوە.

