رۆژنامەی ھەولێر

٣٧ ساڵ بەسەر داستانی خواکوڕکدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ١٩ی تەممووزی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی عێراق ھێرشێکی فراوانی کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە گەلی خواکوڕک لە ناوچەی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی ٤٦ ڕۆژ بەرگری بکەن و دواجار سوپای ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن و داستانی خواکوڕک تۆمار کرا.

لەو داستانەدا پێشمەرگە بە خۆڕاگری و قوربانیدان بۆ دوژمن و داگیرکاری سەلماند کە ئیرادە و قوربانیدان لە ھەموو چەکێک بەھێزترە و سەرکەوتن بۆ ئەوانە. داستانی خواکوڕک لە داستانە بەناوبانگەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە بەسەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی چۆک بە سوپای عێراق دا بدات، کە ئەو کات پێنجەمین سوپای جیھان بوو.
سوپای ڕژێمی بەعس لە ١٩ ی تەمووزی ١٩٨٨ ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەستی پێکرد، لەو شەڕەدا سوپای بەعس بە بەشداری زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی، تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیایشی تێدا بەکارھێنا، سەرەڕای ھێزی نابەرامبەر، پێشمەرگە دلێر و گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، توانیان زیانێکی زۆر بە ڕژێمی بەعس بگەیەنن.
شەڕەکە لەڕووی سیاسی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەسکەوتێکی زۆر بەدەست بھێنێت، لەڕووی سیاسیشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی بەغدا بوو، کە باوەڕی وابوو بە کۆتایی ھاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستان لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.
سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، لە وتارێکیدا بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداربووی ئەو داستانە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرامبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگە بە خۆیدا بچێتەوە.
داستانی خواکوڕک بووە ھەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس و ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ی لێ ھاتە بەرھەم. بەگوتەی ئەو پێشمەرگانەی کە بەشداریان لە داستانەکەدا کردووە، ھەڵکەوتەی جوگرافیای خواکوڕک بەشێوەیەک بوو کە زاڵبوو بەسەر دوژمن، شوێنێک بوو کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، ھەرچەندە چەکێکی کەمان لەبەردەست بوو، بەڵام لە خواکوڕک پێشمەرگە گوللەی بە فیڕۆ نەدەدا، ساڵی ١٩٨٨ بارەگای سەرۆک بارزانی لە ناوچەی خواکوڕک بوو، سەرۆک بارزانی، سەرپەرشتی تەواوی سەنگەرەکانی دەکرد، لە نزیکەوە ھەموو ھێز و پێشمەرگە و سەر لق و مەفرەزەکانی ئەبینی و بەردەوام لە پەیوەندی دا بوو، پێشمەرگە لەڕێگەی مەفرەزەکان ھەمیشە ترسی لە دڵی سوپا و ڕژێم دروست دەکرد و لە ھەموو شارەکانی کوردستان چالاکی ھەبوو، ئەوکات شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕژێمی عێراق ڕوویدا، ھەرچەندە ڕژێمی عێراق بە تۆپ و فڕۆکە و ڕاجیمە شەڕی ئێمەی کرد، بەڵام سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستھێنا و زیانێکی زۆرمان بە سوپای عێراق گەیاند.
کەریم ئەحمەد، بەشداربوویەکی داستانەکەیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: داستانی خواکۆڕک، داستانێکی بەرچاوە لە مێژووی گەلی کورددا، ئەو کاتەی کە جەنگی نێوان عێراق و ئێران بە کۆتایی ھات، عێراق زۆر مەغروور ببوو، لەبەر بوو کە بە ئاسانی بێت و ھەموو سنوورەکان بگرێت، لە خواکوڕک شەڕێکی گەورە دروست بوو، لەوێ پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی دوژمن بوویەوە، معادلەکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھات و زیانێکی زۆر بەر دوژمن کەوت، سەرۆک بارزانی متمانەی بۆ پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دروست کرد، ئەو ڤیدۆیە ئامادەیە کە سەرۆک بارزانی لەو داستانە قسەی کرد و ڕاگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا ھەموو ھاوکێشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئەو ڕژێمە لەناو دەچێت، زۆری پێ نەچوو قسەکانی سەرۆک ھاتنە جێ و ڕژێمی بەعس لە کوردستان نەما و کوردستان بۆ دوژمن بووە گۆڕستان و سەرھەڵدان ڕوویدا، ئەوە بووە ھۆکاری ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین بکات، پەرلەمان و حکوومەت دروست بوون، ھەتا ئێستاش ئێمە لەژێر سێبەری ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی دەژین و ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بە دەست ھاتوونە، ئەوانەن کە ڕێبازی پارتی و بارزانی داونەتە جەماوەری کوردستان کە ئەمڕۆ لەڕێگەی حکوومەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
ئەو پێشمەرگەیە جەختی لەوەشکردەوە: لەو داستانەدا دەستکەوتێکی ئێکجار زۆر بە دەستھات، وەکو تۆپ و کلاشینکۆف و ئارپێچی و تەقەمەنی و بە دەیان لاشەی دوژمن کەوتبوونە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوەتی دابەزی و بە دەیان دیلیشمان گرتن، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو دیلانەی کە خۆیان تەسلیم بە ئێمە کردبوو، ھەموویان ئازاد کران.
غەفوور سەدیق، پێشمەرگەیەکی دیکەیە کە بەشداری لە داستانەکەدا کردووە، بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: مێژووی پارتی پڕە لە داستانی زۆر گەورە، داستانی خواکوڕک یەکێکە لەو داستانانەی کە ئێمە وەکو پارتی شانازی پێوە دەکەین، ئەو داستانەی کە سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرد، دوژمن و داگیرکەران وایان بیر دەکردەوە کە ئێدی دەتوانن پارتی نەھێڵن، بەڵام ئەوان نەیان زانی کە پارتی ھیچ کاتێک تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ھیچ کاتێک دەست لە مافی گەلی کورد ھەڵناگرێت، ھیچ کاتێک تەنازول لە بستێک خاکی کوردستان ناکات، ئەو بەرگرییەی کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەو داستانە کردیان دەرسێکی گەورەیان بە دوژمن دا و شیرازەی دوژمن بە تەواوەتی لەناو چوو، بۆیە دەتوانم بڵێم داستانی خواکوڕک بووە ھاندەرێک کە خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕن، بۆیە داستانی خواکوڕک پەیامێکی دایە دوژمنانی کوردستان کە ھیچ کاتێک ڕێبازی پارتی و بارزانی تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ئەو ئیرادەیە بەھێزترە لە ئاگر و ئاسنی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، بۆیە بینیمان کە بیر و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جێبەجێ بوون و بووە ھۆکار کە خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕێت و ڕاپەڕین بەرپا بێت.
عەلی شاکر، پێشمەرگەیەکەی دیکەی داستانی خواکوڕکە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: چەکی پێشمەرگە لە شەڕی خواکوڕک، کلاشینکۆف، بڕنۆ، ئارپێچی، چەند ھاون و تۆپێک بوون، بەڵام بیروباوەڕ و ئیرادەی ھێزی پێشمەرگە ھێندە بەھێز بوو بۆیە سەرکەوتین، داستانی خواکوڕک لە سێگوشەیەکی سنووریدا زیاتر لە مانگێکی خایاند و بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان کۆتایی ھات، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانن پێشمەرگە چی بەسەر ڕژێمی بەعس ھێناوە ئێستاش ئێسکوپرۆسکی سەربازانی عێراقی لەسەر چیای کۆڕاڤای دەڤەری خواکوڕک ماون.
ئەو بەشدار بووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: خەڵکی ئێمە کە ئاوارەی ئێران ببوون، ڕۆڵێکی کارایان ھەبوو لە داستانی خواکوڕک، بەتایبەتی ئافرەتان ھەرچی پێداویستی ھەبوو لە نێو شارەکان کۆیان دەکردەوە، لەگەڵ نان و خواردنیان بۆ ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی سەنگەرەکانی پێشەوە دەکرد و لەو ڕوویەوە نەیان ھێشت پێشمەرگە ھیچ کەموکوڕیەکی ھەبێت، بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەوانیش لەبیر بکرێت.