ڕۆژی چوارشەممە ١٦ـی ٧ـی ٢٠٢٥ لە هۆڵی موکریانی، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و خانەوادەی کۆچکردوو (محەممەد شێخ مستەفا زراری) و ، ژمارەیەک لە نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، لە مەراسیمێکدا بە ناساندنی کتێبی (مەم و زینی ئەحمەدی خانی، لێکدانەوە و شرۆڤەی سۆرانی)، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ڕێز لە نووسەری کۆچکردوو محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری گرت.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد و پاشان دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی (محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە گوتارەکەیدا، باسی لە گرنگیی مەم و زین وەک شاکارێکی مەزن کرد، کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ “مەمی ئالان” دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک کە شرۆڤە و لێکدانەوەکە لە باکوور بۆ بۆیەزید دواتریش بۆ گوندێکی پشتی هەولێر و لە ڕێی گۆڕینی شێوەزارێکەوە بۆ سۆرانی، هەموو ئەمانە بابەتی گەلێک گرنگن کە گرنگە ڕۆژنامەنووس و نووسەران بە قووڵی کاری لەسەر بکەن.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە درێژەی گوتارەیەکەیدا گوتی:”کەسایەتییەکی وەک مامۆستای کۆچکردوو مامۆستا (محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، ئەگەر ژیاننامەی ئەم کەڵە مرۆڤە بخوێننەوە، ئەوکات بە گرنگییەوە، وەک بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن ڕێز لەم کەسایەتییە دەگرین، ئەمەش وەک بەشێک لە کارکردن لە بوارەکانی هونەر و ڕۆشنبیری و کەلتوور و ئەدەب. ئەحمەدی خانی یەکێک لەو سیمبول و هێمایانەیە کە دەبێت هەموو پارچەکانی کوردستان کاری لەسەر بکەن و وانە و پەندی لێوە وەرگرن. ئەحمەدی خانی لە زیهنی هەموو کوردێک دەژی، دنیا و نەتەوەکانی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.”
لە کۆتایی پەیڤەکەیدا د. ســـالار عوسمان سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا بۆ خاڵێکی گرنگ لە ژیانی کۆچکردوودا و گوتی:”مامۆستا محەممەد لە خانەوادەیەکی کوردپەروەری ئاینپەروەرەوە، کاری لەسەر ئەڤینداری کردووە ئەمەش دەستی پارادۆکسە، تەبا لە دینەوە بۆ ئەڤینداری ئەمە بۆ خۆی حیکمەتێکی مەزنە.”
پاشان، تابلۆیەکی میوزیکی کلارنێت لەلایەن هونەرمەند ئەحمەد سەباح، وەک بەشێک لە بڕگەکانی مەراسیمەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
پێشکەشکردنی پانێڵێک بەناونیشانی (مەم و زین، شاکارێکی گەشی ئەدەبی)، یەکێکی دیکە بوو لە کارنامەی ڕێوڕەسمەکە، شەرمین وەلی وەک بەڕێوەبەری پانێڵ و هەریەک لە د.شێرزاد شەفیع بابۆ زراری و سەنگەر زراری شرۆڤە و لێکدانەوەی قووڵیان لەم بارەیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دواتر، دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە کرایەوە و گەنگەشەیەکی فراوان بەڕێوەچوو.
بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی پڕ بەها و سەروەری مامۆستا (محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، ڕێزلێنانی بەخشیە خانەوادەکەی.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتاری بنەماڵەی نووسەر (محەمەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، خوێندرایەوە. تیایدا سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد کە هەمیشە بە گرنگی و بایەخەوە یادی نووسەرانی گەورەی کورد دەکاتەوە، ئەم هەنگاوەشیان وەک هەنگاوێکی پڕ بەها وێنا کرد.
لە کۆتا بڕگەی ئەم یادکردنەوە شایستەیە، کتێبی “مەم و زین شرۆڤە و لێکدانەوەی سۆرانی” لە نووسینی (محەمەد مەلا شێخ مستەفا زراری)، پێشکێشی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

