ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 16ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له هانۆ پێڤكور، وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌کەدا، پەرەپێدانی په‌يوه‌ندیی دوولایەنە، به‌تايبه‌تى له بواری ئه‌منى و به‌رگريدا تاوتوێ کرا.
ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاریی ئيستۆنيای بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش کرد .
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات کردەوە.”
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە “گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشی تێکدەرانەی سەر ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.”

