حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ڕێککەوتنی سەرەتاییان لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوت کردووە و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لێکتێگەیشتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی بردووەتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای تاوتوێکردن، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لێکتێگەیشتنەکە داوە.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: لێکتێگەیشتنەکە لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە و وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. باسی لەوەش کرد: دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنەنێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمى شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتەبەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ماوەی زیاتر لە 75 ڕۆژیشە، حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە.

