ئاو لە هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو گەیشتە تۆڕەكانی ئاوی هەولێر و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و تێستكردنی هێڵەكانی گوێزەرەوەی ئاو لە ژمارەیەك گەڕەك و شوێنی هەولێر دەستیپێكرد.
پرۆسەی خاوێنكردنەوە و تێستكردنی هێڵەكانی گوێزەرەوە لە گەڕەكی ژیان، ڕۆشنبیری، تۆبزاوای ئەحمەدی، قەرەبووی تۆبزاوا، قەرەبووی ژیان، گەڕەكی شەهیدان، گردەڕەشە، تیمار، ئاسوودە و هێڵی سەرەكی دارەتوو و ڕۆشنبیری و چەندین شوێنی تری شاری هەولێر دەستیپێكرد و پرۆسەكەش بەردەوامە.
جێگەی باسە، ڕۆژی شەممە 5/7/2025 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر و هێڵەكانی بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و تۆڕی ئاوی هەولێری لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆی بەسەركردەوە و دەستخۆشی لە تیمەكانی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كرد و هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد گەورەپڕۆژەكانی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر دوو پڕۆژەی گرنگن و بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن و بەهۆیانەوە هەولێر و دەوروبەری لەڕووی خزمەتگوزاریی دابینكردنی ئاوەوە گرفتی كەمئاویان چارەسەر دەبێت.
لەم قۆناغەدا، پڕۆژەكە لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ كە ئەم زۆنە گەورەترین گرفتی كەمئاویان هەبوو وەك بنەسڵاوە و مامزاوە و قەتەوی و دارەتوو و باغلومنارە و باغەمرە و گەڕەكەكانی ژین و ژیان و ڕۆشنبیری و 8ی حەسارۆك و چەندین گەڕەك و شوێنی دیكەی دەرەوەی شەقامی 120مەتری دەكەوێتە كار و كاركردنیش لە سەرجەم زۆنەكانی تردا بەردەوام دەبێت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواوی پرۆژەكە تەواو دەبێت و هەولێر و دەوروبەری بەیەكجاری كێشەی كەمئاوی نامێنێت.

