ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی عێراق ئاوارەکانی پشتگوێ خستووە، خەڵکی شنگالیش کە ١١ ساڵە لەناو کەمپەکان دەژین، ژیان و گوزەرانیان وەکو پێویست نییە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، دەڵێت: زیاتر لە ٧٠%ی ھاوکاریی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق ھەموو خزمەتگوزارییەکی لە ئاوارەکان بڕیوە، ئەوەی ھاوکاری ئاوارەکان دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ٨٠٠ ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و ٢٦٦ ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا دەبن، زۆربەیان لە ٣٨ کەمی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوار و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلارە.
لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک کە ژیانیان لە مەترسیدا بێت. ئاوارەکان، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم زۆر چاکەی بەسەرمانەوە ھەبووە و ھەوڵی زۆریشمان بۆ دەدات بۆ ئەوەی ھاوکاریمان بۆ کۆبکاتەوە، بەڵام ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بڕاون و حکوومەتی عێراقیش لە دۆخی ئێمە بێباکە، ئەگەر حکوومەتی ھەرێم نەبوایە، دۆخی ئێمە زۆر لەمەش خراپتر دەبوو، بەرپرسانی ئاوارە و پەنابەرانیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، حکوومەتی ھەرێم ھیچ درێغییەکی بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان نەکردووە، ھەموو خزمەتگوزارییەکانی بواری پەروەردە، کارەبا، ئاو و تەندروستی بۆ دابین کردوون، بەڵام ژیانی ئاوارەکان سەختە لە ژێر خێوەتەکان، چونکە بە ھاوین گەرمە و بە زستانان ساردە، ھەروەھا خێزان ھەیە لە ساڵی ٢٠١٤ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە، ئەمڕۆ بوونەتە ٦ کەس.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری پەنابەر و ئاوارەکان دەکات، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستیان پێ بووە.
خەڵکی شنگال و دەوروبەری داوا دەکەن ڕەوشی ناوچەکانی ئەوان ئاسایی بکرێتەوە گروپە لە یاسا دەرچووەکان لە ناوچەکە نەمێنن، دەستی ئاوەدانی بگاتە شوێنەکانی ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن. پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەربارەی ڕەوشی ئاوارەکان لەناو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک، دەڵێت: پێشکەشکردنی ھاوکاری لەلایەن ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی ٧٠% کەم بووەتەوە، ھۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە وڵاتانی دیکەی جیھان شەڕ و ئاژاوە ھەیە ڕێکخراوەکان ڕوویان لەو شوێنانە کردووە و ھاوکاری ئەوان دەکەن، ئەوەش وای کردووە ئەرکی حکوومەتی ھەرێم لەوەی کە ھەیە قورستر ببێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپ ھەنە، ١٥ لەوانە ئاوارەکان تێدا دەژین، ئەوانی دیکەش پەنابەری تێدایە، حکوومەتی عێراقیش بە ھیچ شێوەیەک ھاوکاری خەڵکی خۆی کە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە ناکات، لەو حەوت مانگەی ئەمساڵدا تەنیا یەک کارتۆن خۆراکی بۆ ئاوارەکان ناردووە، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە مرۆیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەم ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران بکەن، چونکە ئەوان لە دۆخێکی زۆر دژواردانە و زۆریش پێویستیان بە کۆمەک ھەیە، ھەروەھا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بەرانبەر بە ئاوارەکان و پەلە بکات لە دووبارە ڕەخساندنەوەی ناوچە ڕزگار کراوەکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بنەڕەتی بۆیان، ھاوکات قەرەبووی زیان لێکەوتووانیش بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لەبەرانبەر ئاوارەکانی شنگال، تا ئێستا نەیتوانیوە بەپیر داخوازی و گلەییەکانی ئاوارەکانەوە بێت، بەتایبەتی ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی دەوروبەری دھۆک، داوامان کردووە ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و مەلەفی ئاوارەکان کۆتایی پێ بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو مەلەفە لەلایەن بەغدا بە جیددی وەرنەگیراوە.

