سلێمان تاشان – ههولێر
کاریگەریی کەمیی باران لە وەرزی ڕابردووی باران بەدیار کەوتووە و لە زۆربەی ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن ئاوەکەیان کەمی کردووە و ژمارەیەک بیریش وشک بوون و ئەو دۆخەیش کاریگەریی و پێگەی ستراتیجیی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر کە بڕیارە بەمزووانە بەربدرێتەوە زیاتر بەرجەستە دەکات.
وەک ئاشکرایە ئەمساڵ ڕێژەی باران لە چاو ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمتر بوو و کەمیی بارینیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دادەنێت کە لە ڕابردوودا بەشی زۆری هەولێر بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پشتی پێ بەستووە. هەر چەندە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو و سێ ڕۆڵی کارای خۆیان لە ساڵان و دەیەکانی ڕابردوو گێڕاوە بەڵام خێرایی بەرفراوانیی شاری هەولێر زۆر لەوە زیاتر بووە بتوانرێت بەو پڕۆژانە پێداویستییەکانی خەڵک بە ئاوی پاکی خواردنەوە دابین بکرێت و هەر بۆیەش ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دا.
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر زۆر بە خێرایی لە جێبەجێکردندایە و بڕیارە بەمزووانە قۆناغی یەکەمی بەردانەوەی ئاوی پڕۆژەکە دەستن پێ بکات و بەشێکی بەرچاو لە گەڕەکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە کێشەی کەمئاوی ڕزگار بکات. ڕۆژی پێنجی تەمووز، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێری لە چەند زۆنێکی جیاواز بەسەر کردەوە و داوای کرد پڕۆژەکە لە کاتێکی زۆر نزیکدا تەواو بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە خزمەتگوزارییەکانی سوودمەند ببن.
زۆربەی كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە زۆنی ڕێگەی كۆیە بگرە تا دەگات كەركووك و مووسڵ تەواو بووە کە زۆرترین گرفتی كەمئاویان هەبوو، لەوانەش کارەکانی پڕۆژەکە لە بنەسڵاوە، مامزاوە، قەتەوی، دارەتوو، باغلومنارە، باغەمرە، گەڕەكەكانی ژین، و ژیان، ڕۆشنبیری، هەشتی حەسارۆك، چەندان گەڕەك و شوێنی دیکەی دەرەوەی شەقامی سەد و بیست مەتری، تەواو بووە و كاركردنیش لە بەشەکانی تر بەخێرایی بەردەوامە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا تەواوبوونی ڕادەگەیەنرێت و ئاوی پاککراوی زێی گەورەیان بۆ بەردەدرێتەوە.
هەر لە چەند هەفتە و مانگی ڕابردوو کاریگەرییەکانی کەمیی باران لەسەر گەڕەکەکانی هەولێر بەدیار کەوتوون و بەشێکی زۆر لە بیرەکانی ئاو لە هەولێر ئاوەکەیان کەمی کردووە هەندێکیان وشک بوون و ژمارەیەکیان ئاستی بەرهەمهێنانی ئاویان بۆ نیوە دابەزیوە.
شارەوانی ناچار بووە لەو بیرانەی کە ئاوەکەیان دابەزیوە لوولەی زیاتر شۆڕ بکاتەوە بەڵکوو بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵک لە کەمیی ئاو ڕزگار بکات و هەرچەندە ئەو هەنگاوە هەندێک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بەڵام لە زۆر شوێن ئاوی بیر ئەوەندە کەمی کردووە کە خەڵکی گەڕەکەکان تێرئاو ناکات.
لە بیری ژمارە پێنجی ئاوی گەڕەکی ژیان کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە پەکی کەوت سەرەڕای شۆڕکردنەوەی لوولە نیوهێندەی جاران ئاو بەرهەم دەهێنرێت و زۆربەی خێزانەکان ناچار بوون بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە کەرتی تایبەت ببەستن و بە تانکەر ئاو بکڕن.
هاووڵاتییەک کە نزیکەی مانگێکە پشت بە ئاوی تانکەر دەبەستێت گوتی بۆ ئەوەی دوو تانکیی سەربانی ماڵەکەم پڕ بکەم لانی کەم دەبێت پازدە هەزار دینار بدەمە شوفێری تانکەر و زۆرجار دەبێت و بەدەر لەم خەرجیی و ماندووبوونەیش لە دۆخە خراپە داراییەدا لە پاکیی ئاوی تانکەرەکە دڵنیا نیم و ئومێدم تەنیا پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێرە بەڵکوو بەمزووانە بکرێتەوە و ڕزگارمان بکات.
ئەو دۆخە تەنیا لە قازانجی شوفێرانی تانکەرە و ژمارەیەکیان دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و بە نرخی گرانتر ئاو بە خەڵک دەفرۆشن و رەچاوی باری دارایی خەڵک ناکەن.
رابەر حسین بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر باسی لەوە کرد کە لە هەموو ئەو گەڕەک و شوێنانەی ئاویان کەمی کردووە هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکەن و ناو تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بە بێ بەرانبەر ئاوی پاکی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت. ئەو ئاماژەی دا کە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لەم مانگەدا دەکرێتەوە و کێشەی کەمیی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر چارەسەر دەکات.
ئەو قەیرانەی لە پێوەندی لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی هاتووەتە کایەوە بایەخ و ستراتیجیی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر زیاتر دەردەخات و لە داهاتوویەکی نزیکدا شتێک بە ناوی کەمیی ئاو لە هەولێر نامێنێت و دۆسیەی کەمیی ئاو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لانی کەم بۆ بیست و پێنج ساڵی دیکە دادەخرێت و هەناسەیەک بە ئاوی ژێر زەوی دەدرێت.

