لە پرسەی کۆچکردووی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان، موحسین ئامێدی، کاک فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دڵسۆزییەکی بێپایان و وەفادارییەکی تەواوەوە دەرکەوت. ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندییەکی مێژوویی و هاوڕێیەتییەکی دێرینەیە کە میرانی لەگەڵیدا هەیبووە، هاوکات نیشانەی ڕێز و پێزانینی خودی میرانییە بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە.
کاک فازڵ لە پرسەکەدا بە دەنگێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە ڕایگەیاند: “پرسەی کاک موحسین تەنیا هی پارتی نییە، بە تەنیا هی ئامێدیش نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆماری مهاباد و شۆڕشی گوڵان بۆمان دەردەکەوێت ئەم بنەماڵەیە، بنەماڵەی کوردانە! ئەمەیش شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموومان.” ئەم وتانە گوزارشت بوون لەوەی کە کۆچکردوو تەنیا کەسایەتییەکی حزبی نەبووە، بەڵکو سیمبولێک بووە لە خەبات و قوربانیدانی بنەماڵەی ئامێدی لەپێناو کوردایەتیدا.
هەروەها کاک فازڵ ئاماژەی بەوەدا کە خۆی بۆ ماوی پەنجاوپێنج ساڵە دۆست و هاوڕێی نزیکی کاک موحسین بووە و پێکەوە لە نزیکەوە خەباتی بێوچانیان لەڕۆژانی سەخت کردووە. ئەم دانپێدانانە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە لەسەر بنەمای متمانە و هاوخەباتی دامەزراوە.
لە کۆتاییدا، کاک فازڵ بە وتەیەکی بەنرخی ئیمامی عەلی (ڕەزای خوای لەسەر بێت) کۆتایی بە قسەکانی هێنا کە دەڵێت: “من عاش مات ومن مات فات وكل ما هو آت آت ”
یا هەروەك شاعیری گەورەی كورد، حاجی قادری كۆیی دەڵێ:
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە”
ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە”
ئەم وتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە مردن حەتمییە و هەموومان بەرەو ئەو چارەنووسە دەڕۆین، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لە ژیاندا بە کردەوە چاکەکانی ناوی بمێنێتەوە، وەک کاک موحسین ئامێدی کە بە خەبات و کوردپەروەرییەکەی ناوی بە نەمریی دەمێنێتەوە.
ئەم دەربڕینانەی کاک فازڵ میرانی نەک تەنیا سەرەخۆشییەک بوو، بەڵکو وەفایەک بوو بۆ هاوڕێیەکی کۆن و ڕێزێک بوو بۆ خەبات و تێکۆشانی کۆچکردوو، هەروەها بەڵێنێک بوو بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەی.
ڕۆژنامەی هەولێر

