رۆژنامەی ھەولێر

دەنگی جووتیارانمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کێشەکانیان چارە دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جووتیارانی کەرکووک و دەوروبەری لەسەر ڕادەست نەکردنی دانەوێلەکانیان ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەکەن ماوەی ڕادەستکردنی گەنم و جۆ لە سایلۆی کەرکووک درێژ بکرێتەوە، کە بە گوتەی خۆیان حەشد و سوپای عێراق ڕێگریان لێ دەکەن و ڕێگە نادەن گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆ بکەن. فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتە تا کێشەی جووتیاران چارە بکات، بۆ ئەوەی سەرجەم جووتیاران بتوانن گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆ بکەن.

جووتیارانی کورد بەھۆی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو زۆربەیان وەکو حجز تاپۆکانیان لێ سەندراوەتەوە و نوێ ناکرێتەوە بەوھۆیەوە لە پلانی کشتوکاڵی بێبەش بوونە، بۆیە ساڵانە لە کاتی وەرزی دروێنە ھەمان کێشەیان بۆ دروست دەبێتەوە.
بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە بەرژەوەندی عەرەبی ھاوردە زەوییەکانی جووتیارانی کورد بە گرێبەستێک لێی زەوت کراون، ئێستا ھەر چەندە بەشێوەی یاسای خاوەنداریەتی زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەھۆی ڕێگری سوپا ناتوانن بەکاربھێنن.
سوپای عێراق ھەر وەکو ئەوەی ھیچ ئەرکێکی دیکەیان نەبێت شەو و ڕۆژ بە ھەمەڕی سەربازییەوە بەدوای جووتیارانی کوردەوەنە و ناھێڵن تەنانەت بچنە ناو زەوییەکانیش، کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق چارە کراوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و ڕێگری کردن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان زۆرجار عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا سکاڵا لە دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکەن و تۆمەتی بێبنەماش دەخرێتە پاڵیان و زۆرجاریش زیندانی دەکرێن، ھەموو ئەمانە لە چوارچێوەی پیلانی تەعریبە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرانمبەر جووتیارانی کورد پەیڕەو دەکرێت، پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە یاسا و ڕێککەوتنەکان لە ڕابردوو ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، ھەتا گەیشتە پێشێلکاری دەستوور، ٥٥ ماددەی دەستووری بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون.
بەشێک لە جووتیارانی کەرکووک و دەوروبەری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ھەموو ساڵێک سوپا و چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان کۆمەڵێک بازگە دادەنێن و کێشەمان بۆ دروست دەکەن و ڕێگە نادەن وەکو پێویست گەنمەکەمان ڕادەستی سایلۆ بکەین، کە تەنیا چەند بارھەڵگرێکیان دیاری کردووە و لەوە نابێت زیاتر بچنە بەردەمی سایلۆی کەرکووک، داوا دەکەین ئەو ماوەی کە بۆ ڕادەستکردنی گەنم دیاری کراوە بۆ دوو ھەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە، ئەگەرنا ھەموو ئەو ئەرک و ماندووبوونەی بە درێژایی وەرزەکە کێشاومانە بە فیڕۆ دەچێت.
جووتیاران دەستخۆشی لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەتایبەتی نوێنەرانی کەرکووک دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوە دوو ساڵە بەردەوام بەدوای کێشە و گرفتەکانی ئێمەدا دێن و تا ڕادەیەک کێشەکانمان بۆ چارە دەکەن و ژمارەی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگەرەکانی جووتیاران بۆ دوو ئەوەندە زیاد دەکەن، لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەو ماوەی کە گەنم ڕادەستی سایلۆی کەرکووک دەکەین.
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەردەوام پشتگیری لە مافی جووتیارەکان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت، بەگوتەی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی جووتیارەکان خۆیان خاوەن ماڵن، ھەر دەبێت بە مافەکانی خۆیان بگەنەوە، پشتگیری لە جووتیارەکانی خۆمان دەکەین جا لە ھەر شوێنێک بن، بۆ ئەوەی چی دیکە زوڵم و زۆریان بەرانبەر نەکرێت.
نەجوا حەمید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئێمە نوێنەری خەڵکی کەرکووکین، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ساڵێک دەنگیان دەگەینینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەمساڵیش لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ قسەمان کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ وەزارەت قسە بکەن، بۆ ئەوەی ماوەکەیان بۆ درێژ بکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا ڕێگریان لێ نەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن ھەموو گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆ بکەن.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کورد داوا دەکات جێبەجێ بکرێت، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابایە، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ڕۆژانە ڕووبەڕووی جووتیارەکان دەبنەوە، ئەو کێشانە نەدەمان، بۆیە ھەمیشە گوتوومە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەمن و ئەمان بەخۆیەوە نابینن.