سلێمان تاشان – ههولێر
لە یەکی تەمووزەوە ژمارەیەکی تری گەڕەکی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان هاتنە نێو پڕۆژەی ڕووناکی کە بیست و چوار سەعات کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ کە سەرەتا لەگەڵ دژایەتیی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بوو بەڵام ئێستا هەمووان پێشوازی لێ دەکەن.
پڕۆژەی ڕووناکی کە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کاتێک ساڵی ڕابردوو جێبەجێکردنەکەی ڕاگەیەنرا لە لایەن خەڵکەوە دژایەتییەکی زۆر کرا و بەشێک لە میدیاکانی کوردستانیش ڕۆڵیان هەبوو لەوەی ترس بخەنە نێو دڵی خەڵکەوە و دژایەتیی پڕۆژەکە بکەن و پێیان بڵێن خەرجییەکانی کارەبایان چەندان هێندە بەرز دەبێتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتیی خەڵک بۆ پڕۆژەکە لە مانگەکانی سەرەتادا پێوەندیی بە نرخەکەی هەبوو چونکە نرخی جیاواز و نافەرمی ڕادەگەیەنران و نرخەکانیش بەرز بوون، چەند مانگ لەمەوبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی نرخەکانی پەسند کرد و بڕیاریش درا ئەوانەی پێشتر لە پڕۆژەی ڕووناکیدا بوون و پارەی زیاتریان بە کارەبا داوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
نرخەکە بۆ چوارسەد کیلۆواتی یەکەم نرخێکی کەم داندراوە و دواتر بۆ هەر چوارسەد یەکەیەک کە زیاتر بەکار بهێنرێت نرخەکەیشی زیاد دەبێت، ڕەچاوی باری دارایی خەڵک کراوە و ئەوانەی زۆرتر کارەبا بەکاردەهێنن ئەوا پارەی زیاتر دەدەن.
ئەزموونی پڕۆژەکە لەو گەڕەکانەی سوودیان لێی وەرگرتووە پێشانی دەدات خەڵک لێی ڕازین و تەنانەت خەرجییەکانیان بەراورد بە پێشتر بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەپێی ئامارێکی پڕۆژەکە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاوبەشەکان کەمتر لە بیست هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە لە کاتێکدا پێشتر سەرووی پەنجا هەزار دیناریان بۆ کارەبای مۆلیدە دەدا.
پڕۆژەکە بۆ ئەوەی خەڵک لەسەر خەرجییەکان ڕابهێنێت و فێریان بکات بە ئەندازەی پێویست کارەبا بەکار بهێنن بۆ مانگی یەکەم داشکانی لەسەدا پەنجا بۆ مانگی دووەم لەسەدا بیست و پێنج و مانگی سێیەم لەسەدا پازدەی کردووە، خەڵک خەریکە لەگەڵیدا ڕادێن و لێی ڕازین.
ئەو ڕازیبوونە وایکردووە خەڵکی ئەو گەڕەکانەی هێشتا پڕۆژەکەیان بۆی نەچووە بە تاسەوە لە چاوەڕوانیی گەیشتنی پڕۆژەکەدا بن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە دووکەڵ و دەنگی مۆلیدە و پچڕانی کارەبا ڕزگاریان ببێت.
بڕیارە تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كارهبای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ههرێمی كوردستان ببێتە بیست و چوار سەعاتی. گەورەترین دەستکەوتی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە خزمەتێکی یەکجار زۆر بە کەرتی ژینگە دەکات و بەهۆیەوە هەزاران مۆلیدە دەکوژێنرێنەوە و خەڵک لە ژاوەژاو و دووکەڵی پیسی مۆلیدە ڕزگاریان دەبێت. بە پێی دواین ئامار هەزار و چوارسەد مۆلیدە کوژێندراونەتەوە، پلان ههیه تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ زیاتر له حهوت ههزار مۆلیدە بكوژێنرێنهوه.
لە هەولێر دوو مانگ دەبێ ناو بازنەی سەد و بیست مەتری کارباکەی بووەتە بیست و چوار سەعاتی و لە یەکی تەمووزەوە کۆمەڵێک گەڕەکی تر لە دەرەوەی بازنەکە هاتنە ناو پڕۆژەکە و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی کراوە. تا کۆتایی ئەمساڵ شارهكانی دهۆك، ههولێر و سلێمانی کارەباکەیان دەبێتە بیست و چوار سەعاتی.
دوای کوژانەوەی مۆلیدەکان ئاسمان و ژینگەی کوردستان زۆر پاکتر دەبێت و هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکاری بەسەر ژینگە و ژیانیدا دێت. وەک ئاشکرایە بەشێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی هەناسە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەو مۆلیدانە بوون کە لە گەڕەکەکان داگیرساون، هەر چەندە ئەوان لە دابینکردنی کارەبا خزمەتێکی زۆری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەڵام بێ زیانیش نەبوون و ژینگەی کوردستانیان پیس کردووە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکان.

