رۆژنامەی ھەولێر

له‌ قۆناغێكی دیكه‌دا نزیكه‌ی دوو هه‌زار زه‌وی كارتی دیكه‌ تۆمار ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

دوای بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان، قۆناغ به‌ قۆناغ گۆڕینی كارتی زه‌وییه‌كان بۆ سه‌نه‌د به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، فه‌رمانگه‌ی ‘یه‌كه‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د’ی دامه‌زراندووه‌ و له‌ قۆناغێكی دیكه‌ی نوێدا، تاپۆی نزیكه‌ی دوو هه‌زار زه‌وی كارت ته‌واو بووه‌.

به‌ مه‌به‌ستی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار فه‌رمانگه‌ی یه‌كه‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌دی دامه‌زراندووه‌، تا ئێستا به‌ هه‌زاران كارت له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانگه‌وه‌، به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ داموده‌زگه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت، كراون به‌ سه‌نه‌د وهاووڵاتیان بوونه‌ته‌ خاوه‌نی تاپۆی خۆیان.
له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی یه‌كه‌ی گۆڕینی زه‌وی كارت بۆ سه‌نه‌د و تاپۆ، به‌شێكی دیكه‌ی دروستكردنی وێنه‌ی تۆمار بۆ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و سی و سێ زه‌وی كارت ته‌واو كراوه‌ و ئێستا وێنه‌ی تۆماركردنیان ئاماده‌یه‌.
ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ كاری یه‌كه‌ی گۆڕینی كارت بۆ سه‌نه‌دیان بۆ كراوه‌، زه‌وییه‌كانی به‌شێك له‌ كه‌رتی ١٨ی بیریات ه‌، كه‌ ژماره‌یان هه‌زر و حه‌وت سه‌د كارته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كانی كه‌رتی چل و دووی كانی قڕژاڵه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان سی و سێ كارته‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی به‌ كارت دابه‌شكرابوون هێكجار زۆربوو، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ته‌نیا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت زیادتر له‌ ١٢٠ هه‌زار پارچه‌ زه‌وی هه‌بوو، كه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هید و مامۆستا و هتد…، دابه‌شكرابوون و ته‌نیا كارتێك به‌ خاوه‌نه‌كانیان درابوو، تێیاندابوو له‌ پارچه‌ كاغه‌زێك ڕه‌قه‌مێكیان بۆی نووسیبوو، ئه‌وان كه‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و زه‌وییانه‌ بوون، له‌ بازاڕه‌كاندا به‌ هۆی نه‌بوونی تاپۆ، نرخێكی كه‌متری ده‌كرد و نیوه‌ی به‌های زه‌وییه‌كه‌یان به‌با ده‌چوو.
تا دواجار حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكرد به‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری تاپۆكردنی هه‌موو پارچه‌ زه‌وییه‌كانی كارتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.
له‌و كاته‌وه‌ پڕۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارتەکان له‌ كوردستان و هه‌ولێری پایته‌خت ده‌ستی پێكرد و چه‌ندین لیژنه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی و تاپۆ و كشتوكاڵ پێكهێندرا، شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ قۆناغ ئه‌و زه‌ویانه‌ تاپۆ ده‌كات، كه‌ له‌ دوو مانگی ڕابردوودا به‌شێكی دیكه‌ی نه‌خشه‌ی كه‌رتی باغمره‌شه‌هاب له‌ هه‌ولێر، كرداری گۆڕینی كارت بۆ سه‌نه‌دی بۆ كرا، كه‌ ژماره‌یان نۆ سه‌د پارچه‌ زه‌وی بوو و وێنه‌ی تۆماره‌كانیان گه‌ڕایه‌وه‌ و تاپۆكانیان ته‌واوكرا.
جیا له‌وه‌ له‌ ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥یش، هه‌زار و سێ سه‌د و بیست پارچه‌ زه‌ویی كارت، كاره‌كانی تاپۆكردنیان ته‌واوكران و وێنه‌ی تۆماریان بۆ ده‌رچوو.
به‌ر له‌ ئه‌وانه‌ش و له‌ ١٦ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، هه‌ر له‌ پڕۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و حه‌وت زه‌ویی كارتی دیكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ٧٥٠ مه‌تری، وێنه‌ی تۆماریان بۆ ده‌رچوو و تاپۆكانیان ته‌واو كران.
به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، ئێستا كه‌متر له‌ ٢٤ هه‌زار پارچه‌ زه‌وی دیكه‌ی كارت ماوه‌، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا تۆماری ئه‌وانیش ته‌واو بكرێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی به‌ هاووڵاتیانی، كه‌ ئامانج له‌ تاپۆ كردنی سه‌رجه‌م زه‌وییه‌ كارته‌كان ئه‌وه‌یه‌، هاووڵاتیان بتوانن له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ سودمه‌ند بن، كه‌ له‌ڕابردوودا و له‌ هه‌رێمی كوردستان، زه‌وی به‌سه‌ر هه‌ر چین و توێژێكدا دابه‌ش كرابێت، تۆماری خانووبه‌ره‌ی بۆ ئاماده‌ نه‌ده‌كرا و هه‌ر به‌ كارت دابه‌ش ده‌كرا، ئه‌وكات بازرگانانی زه‌ویزار تێی ده‌ئاڵان و زۆرێكیان كه‌ نه‌بوونی ناچار به‌ فرۆشتنه‌وه‌ی ده‌كردن، له‌به‌ر دواكه‌وتن و تاپۆ نه‌كردنیان و به‌ كارت دابه‌شكردنی زه‌وییه‌كان، نیوه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كه‌كانیان به‌ بادا ده‌چوو، كه‌ له‌به‌ر بێ تاپۆیی به‌ نرخێكی كه‌م له‌ چنگیان ده‌رده‌هێنرا، به‌وه‌ی هه‌ر زه‌وییه‌ك كه‌ كارت بێت و تاپۆ نه‌كرابێت له‌ بازاڕی زه‌ویوزاردا نیوه‌ی به‌هاكه‌ی ده‌كات و بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانه‌.