کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە تا ڕادەیەک گەیشتبووە ئاستی چارەسەری بەڵام بەشیوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و لە ناکاو بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بڕدرا و تا ئەم ساتەش ئاسۆی هیچ هەنگاو و هەوڵێک دیار نییە کە ئایا ئەم سزادانە کەی کۆتایی دێت و عێراق بۆچی لە ڕێککەوتنەکان کشایەوە و تەنانەت دادگەی فیدراڵیش لە هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە کشاوەتەوە.
چەند هەواڵێکی نافەرمی لە پێگەی جیاواز باس لەوە دەکەن، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندی بە جێبەجێ نەکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و نییە و پیلانی دوژمنکارانەی گەورەی لە پشتە، بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان ناچار بە تەسلیم بوون و ڕازی بوون بکەن بە مەرجی قورستر.
بەپێی ئەو هەواڵە نافەرمیانەی لە زاری ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی عێراقی بڵاو کراونەتەوە، پیلانەکە بە شیوەیەکە بە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناچار بکات بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن و هەوڵبدرێت لەو ڕێگەیەوە بۆشایی بخرێتە نێوان هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگەکانی، ئەگەرچی ئەم پیلانە پێشتر بە فراوانتر کاری لەسەر کراوە و سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام بە پشت بەستن بە دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە و درێژکردنەوەی ماوەی پێ نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای ناحەزانی کوردستان جێی ئومێدن.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیار بوو ڕۆژی ٥ شەممە، خۆپیشاندانێک بۆ داواکردنی مافەکانیان ڕێکبخەن، بەڵام بەپێی ئاگادار کردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار دۆخی ئێستا گونجاو نییە بۆ هیچ گردبوونەوە و خۆپێشاندانێک و پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوە تێ بگەن نیگەرانییەکانیان گەیشتووە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، بەڵام بەهۆی دۆخی نەخوازراوی ناوچەکەوە داوا دەکەن گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان هەڵبگرن بۆ کاتێکی گونجاو.
چەند ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکاری عێراقی، لای خۆیانەوە هۆشداری ئەوەشیان داوە، کە پیلانی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە داخوازی لایەنێکە و چەندین سەرکردەی شیعی و سوونیش تەنانەت لە ناوخۆی کوردستانیش تێوەگلاون و لە بەرامبەر بەڵێنی جۆراوجۆردا ڕازی کراون فشارەکان بخرێنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پێناوی ئەوەی ئەمجارە هەرێمی کوردستان بە تەواوی لاواز و ملکەچ بکرێت لە بەرامبەر داخوازییە سیاسییەکانی چەند کوتلەیەکی سیاسیی عێراقی کە هەمووکات سەنگەریان لە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گرتووە.
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن، کشانەوەی هەڵوێستی دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەی پێشووتری کە ڕایگەیاندبوو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا مووچەکانیان دوا بکەوێت و ئەم بابەتەی لە بابەتی ڕێککەوتنەکان و ململانێی سیاسی دوور خستبووەوە، بۆ ئەوە دەگەڕیننەوە کە لەلایەن چەند دەسەڵاتداڕیکی نایاسایی عێراقییەوە فشاریان خراوەتە سەر و تەنانەت هەڕەشەی جیددیان لێکراوە کە لەم بابەتەدا نابێت لە بەرژەوەندەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕیار بدەن و تەنانەت بابەتی دەست لەکارکێسانەوەی ئەندامان و سەرۆکی دادگەکەش بۆ ئەو گوشار و هەڕەشانە دەگەڕێننەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەرێمی کوردستان هێشتا بێ ئومێد نەبووە لەوەی ئەم بابەتە بە گفتوگۆ و لە ڕێگای دەستوورەوە چارە بکرێت و وا چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و بە پێێ زانیارییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی ڕاگرتنییەوە ملیۆنان دۆلار زیان بە ئابوری عێراق گەیشتووە.

