دوای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە و بە تایبەت عێراق، هەرێمی کوردستان دەستبەجێ ئەو مەترسییانەی بە جیددی وەرگرت و فشارە ئابورییەکان و وەستانی هەناردەی نەوتەکەی نەبوونە پاساوی خۆ دزینەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و دەیان پۆند و بەنداوی سترایژی دروست کرد و چەندانی دیکەشی نۆژەن کردەوە.
بە پێی وتەی شارەزایانی بواری سامانی ئاو، هیچ وڵاتێکی دونیا بێ دابینکردنی ئاسایشی ئاو ناتوانێت وڵاتێکی خاوەن پێگە و وەبەرهێن و خۆ بژێو بێت، لەم ڕوانگەیەوە باس لەوە دەکەن، هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە سێکتەرە گەورەکاندا بەرەو پێش بچێت دەبێت سەرەتا ئاسایشی ئاوی هەبێت و هەرچی زیاتر گرنگی بە پاراستنی سامانی ئاو بدات کەمە، بە تایبەت لە دۆخێکدا کە وڵاتانی ناوچەکەش ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و گۆڕانی گەورەی کەشوهەوا هاتوون و پێدەچێت لە داهاتوودا سامانی ئاو بەهاکەی زیاتر بە دیار بکەوێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر گوشارێکی سەختی ئابوریدایە و لەلایەک بڕینی بودجەکەی لە شایستە داراییەکانی خۆی لە عێراق و لە لایەکی دیکە خەمی دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی بوونە هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان لە گەشە ئابورییەکەی خاو ببێتەوە، بەڵام هەرگیز لە بەرنامە و پلانە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی پاشەکشەی نەکردووە و بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر، لە ساڵی ٢٠٢٤ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ڕیکۆردی ژمارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵانی پێش خۆی شکاندووە و ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە بە بێ پچڕان بەردەامیان هەیە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤، کۆی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.
تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا شەش بەنداو تەواو کران و ئاویان گل داوەتەوە، هەروەها بڕیار لە دروستکردنی چەندین بەنداوی تر دراوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بەنداوە نوێیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمساڵدا بەشێکی زۆریان سەرڕێژ بوون و بڕێکی زۆر ئاویان تێدا خەزن کراوە. بۆ نمونە؛ بەنداوی ئاوەسپی دەکەوێتە سنووری کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی و توانای گلدانەوەی 13 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەرزییەکەی 28 مەتر و درێژییەکەی 220 مەترە.
بەنداوی سماقووڵی دەکەوێتە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، 22 مەتر بەرزە و 110 مەتریش درێژە؛ 8 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت.
سەرڕێژی بەنداوەکان پەیوەندیی بەو ئاوەوە هەیە کە دەڕژێتە نێویانەوە، لەگەڵ بڕی بەکارهێنانی ئاو لە بەنداوەکە و بڕی بارانبارین لە ناوچەکە. هەر بە وتەی رەحمان خانی، بەڕێبوری گشتیی بەنداوەکان، بەنداوەکانی نازەنین و عەلی تاڵەبانمان هەن کە تەواو نەبوون و کارەکانیان وەستاوە. لە کوردستان 20 بەنداو تەواو کراون.”
دەشڵێت؛ تاوەکو ئێستا بەنداوی نازەنین دەست بە کارەکانی نەکراوەتەوە؛ ئەوەی عەلی تاڵەبانییش هۆکاری وەستانەکەی کارەبا و ئاوە، چونکە بۆرییەکی ئاوی خواردنەوە بە دەریاچەکەدا تێدەپەڕێت؛ هاوکات کارەبایشی بەسەردا تێدەپەڕێت و فەرمانیان بۆ دەرچووە جێبەجێیان بکەن.”
هەرچەندە لەمساڵدا، ئاستی ڕێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵانی پێشتر نمونەیی نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 5 مەتر بەراورد بە پار بەرزبووەتەوە، بەڵام ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دووکان دابەزیوە.
بەگوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی ئاوی کوردستان، پێشتر ڕایگەیاندووە، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە 17 ملیاری وەردەگیرێت و 30ـی دیکەی بەفیڕۆ دەڕوات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بە کۆی گشتی 18 بەنداو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەو دوو بەنداوەی کە تازەن و ئاو گل دەدەنەوە ژمارەی بەنداوەکان بووە بە 20 بەنداو، جگە لە بەنداوە گەورەکانی وەک دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، بە گۆمەسپانیشەوە ئێستا ئاو گلدەداتەوە بووە بە 21 بەنداو، هەروەها 118 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو تەواو کراون، نزیکەی هەشت پۆندی دیکە لە ساڵی پاردا کارەکانی تەواو بووە، 43 دانە پۆندی دیکە لەژێر جێبەجێکردندان و پێدەچێت لەمساڵدا ژمارەکە زیاتریش بکرێت”.

