لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ، بە گوژمەی ( 5 ملیار دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگاى هەولێر، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگاى ( هەولێر – خەبات ) کە ڕێگایەکى ستراتیژى گرنگ و بازرگانییە و پارێزگاى هەولێر بە هەردوو پارێزگاى دهۆک و موسڵ دەبەستێتەوە.
پڕۆژەکە، پێکهاتووە لە هەڵگرتنى تەواوى قیڕە کۆنەکەى و دووبارە ڕاخستنى هەردوو چینى بەردى شکا و وجارێکى تر قیڕتاوکردنەوە بە شێوازێکى نوێ و گونجاندنى لەگەڵ ئەو هەموو بارهەڵگرانەى ڕۆژانە لەو ڕێگایەدا هاتووچۆ دەکەن، ئەوە جگە لەوەى لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى ئەم ڕێگایە، سایدى هانتەوەش لە خەبات بۆ هەولێر وەکو سایدى چوون بۆ قەزایی خەبات فراوان دەکرێت، کە لە پێشووتر بەهۆى تەسکى ڕیگاکە زۆر جار گرفتى بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان دروست دەکرد و ڕووداوى نەخوازراوى لێدەکەوتەوە.

