ئارام كۆشكی – سلێمانی
سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا بە تەنها بەدەست یەک قەیرانەوە گیرۆدە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک قەیرانی بنچینەیی هەیە، کە سیستمەکەیان بەرەو پەکخستن بردووە. ئەگەرچی حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانە، بەڵام بەهۆی کەڵەبوونی چەندین ساڵەی ئەو قەیرانانە چارەسەرکردن و تێپەڕاندنیانی گەلێک سەخت بووە، بەڵام مەحاڵ نییە.
ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستا، یەکێکە لەو قەیرانانەی کە سیستمی پەروەردە پێوەی گیرۆدەیە، چونکە بەشێکی زۆری مامۆستاکان لەنێو ئەم سیستمەدا ئەرکە بنچینەییەکەی خۆیان جێبەجێ ناکەن. لەبەرئەوەی مامۆستا لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا تەنها فێرکارە، نەک پەروەردەکار، بەڵام مامۆستای ڕاستەقینە هەم فێرکارە و هەم پەروەردەکار، چونکە ئەوەی سیستمێکی پەروەردە بەرەو پێشەوە دەبا تەنها فێرکردن نییە. ئەوەی کۆمەڵگەیەک لە جەهل و نەزانی ڕزگار دەکات تەنها فێرکردن نییە. ئەوەی وشیارییەکی گشتی لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکاتەوە تەنها فێرکردن نییە، بەڵکو لەگەڵ فێرکردنەکەدا پەروەردەکردنیش ئەرکێکی بنچینەییە، کە لە ناوەندەکانی خوێندندا بەشێوەیەکی بەرچاو فەرامۆش کراوە.
لێرەوە زۆر کەمن ئەو مامۆستایانەی لەنێو ئەو سیستمە پەروەردەییەدا هەردوو ڕۆڵەکە ببینن، هەم فێرکار بن و هەم پەروەردەکار، هەم خەمی پرۆسەی پەروەردەیان هەبێت و هەم چالاکیی پەروەردەیی ئەنجام بدەن. لە 12 ساڵی خوێندنمدا لە قۆناغەکانی بنەڕەتی تا ئامادەیی زۆر کەم بوون ئەو مامۆستایانەم، کە هەڵگریی هەردوو تایبەتمەندی فێرکار و پەروەردەکاربوون. یەکێکە لەو مامۆستایانەی هەرگیز وانەکانیم بیر ناچێتەوە مامۆستا “ڕزگار خدر” بوو، ئەگەرچی ئەوکات کە وانەی پێ دەوتین درکێکی زۆرمان بۆ خەمە پەروەردەیی و ڕۆڵە گرنگەکەی نەبوو، بەڵام بەتەواوی هەستمان بەوە دەکرد، کە مامۆستایەکی جیاوازە و ئەرکەکانی خۆی بەزیادەوە جێبەجێ دەکات و دەشبێتە ڕێنمایکەر و هاندەری ئێمە بۆ وانەکەمان و ئەو وزە و توانایانەی لە بەشێک لە فێرخوازەکاندا هەبوون. ئەم مامۆستایە لەنێو ئەو دەیان مامۆستایەی لەو 12 ساڵەدا وانەیان پێ وتووم لەڕێزی پێشەوە هەموویاندا لام مایەوە و تا دواجار و دوای ساڵانێک لەنێو دونیای نووسینی پەروەردەییدا بینیمەوە و سەرنجمدا ئەگەرچی تەمەنی بەرەو هەڵکشان ڕۆیشتووە، بەڵام هێشتا بە ڕۆحیەتی گەنجێکەوە کە عاشقی پەروەردە و فێربوونە و بە وزەیەکی لەبننەهاتووەوە لە هەوڵەکانی بۆ خزمەتی پەروەردە بەردەوامە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەندین سیمیناری پەروەردەیی و چەندین چالاکی پەروەردەییدا چالاکانە بەشداربووە و ئەمە بێجگە لەوەی بە کتێبیش سەرنج و خەمە پەروەردەییەکانی نووسیوەتەوە و چاپی کردوون. کتێبی یەکەمی چەند ساڵێک لەمەوبەر بەناویشانی “خەمە پەروەردەییەکان” بڵاوکرایەوە، کە هەر دوای خوێندنەوەی هەستم بە ڕاستگۆیی و وردبینی خەمەکانی ئەم پەروەردەکارە کرد، بەجۆرێک دەستی خستبووە سەر بەشێک لەو کەموکوڕییانەی لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە ماوەی ڕابردووشدا کتێبێکی نوێی مامۆستا ڕزگار بەناوی “پەروەردە و ئاڵنگاری” لەلایەن دامەزراوەی پەروەردەیی ژیارەوە لە دوتوێی130 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبەش بەشێکی دیکەیە لە خەمە پەروەردەییەکانی ئەم مامۆستا و خەمخۆرەی بواری پەروەردە کە دوای ساڵانێکی زۆر لە مامۆستایی و سەرپەرشیاریی پەروەردەیی هێشتا خەمی پەروەردەی فەرامۆش نەکردووە.
کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتاری پەروەردەیی و سەرنج و شیکاریی پەروەردەیی پێکهاتووە، کە نووسەر هەوڵیداوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژدا سەرنج و شیکارییەکانی بنووسێتەوە و بیخاتە بەردیدەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دواجاریش لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە. بۆیە ئەگەر ناوێکی گونجاو بۆ کۆی کتێبەکە بدۆزینەوە دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەش “خەمە پەروەردەییەکانی پەروەردەکارێکە”، بۆیە زیاتر لەوەی کتێبێکی جیاواز بێت لە کتێبەکەی پێشووی ئەم مامۆستایە وەکو بەرگی دووەمی ئەو کتێبە و پرۆژەیەکی تەواوکاریی ئەو خەمانەیە، کە ساڵانێکە ئەم پەروەردەکارە لە خەمی چارەسەرکردن و بنەبڕکردنیدایە. بەڵام کاتێک ناونیشانی “پەروەردە و ئاڵنگاری”ی بۆ هەڵدەبژێرێت ئەوەی لەبەرچاودایە کە جێبەجێکردنی ئەم خەمانە چەندە ئاستەنگی لەبەردەمدایە و چەندە مرۆڤی دژە پەروەردە لەم کۆمەڵگەیەدا هەیە کە دژ بە هەر جوڵەیەکی نوێخوازی و بەرەو پەروەردەیەکی دروستی کۆمەڵگە و تاکەکانین.
ئەم خەمانەی لەم کتێبەدایە لە بایکۆتکردنی دەوامی مامۆستایانەوە دەست پێ دەکات، کە چ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و ساردکردنەوەی فێرخواز لە پرۆسەکە کردووە. دواتر دەپەڕێتەوە بۆ هونەری پرسیارکردن و پەروەردەکردنی
لەگەڵ ئەمانەشدا مامۆستایان فەرامۆش ناکات، کە لایەنێگی گرنگی پەروەردەن و باس لە پرۆژەی ڕاهێنانی مامۆستایان دەکات، چونکە مامۆستایانیش پێویستیان بە نوێبوونەوەی تازە و میتۆد و شێوازی نوێی وانەوتنەوە و هونەری مامەڵەکردن هەیە لەگەڵ فێرخوازدا.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانە کە لێرەشدا ئاماژەی بۆ کردووە بایەخدانە بە توانای نووسین لە ناوەندەکانی خوێندندا. من یەکێکە لەو فێرخوازانەی کە شایەتی بۆ ئەم مامۆستایە دەدەم کە نزیکەی 25 ساڵ لەمەوبەر لە ئامادەیی ئەحمەدی خانی لە شاری سلێمانی هەوڵی لەگەڵ زۆرێک لە فێرخوازەکاندا کە توانای نووسینیان هەبوو و من یەکێک بووم لەو کەسانە، کە بە هەوڵی ئەم مامۆستایە یەکەم نووسینەکانم لە گۆڤارێکی تایبەتی خوێندنگەکەماندا بەناوی “خانی” بڵاوکردەوە. ئەم خاڵە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییە فەرامۆشکراوەکانی نێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان. هەموو ئەوانەی لەو بڵاوکراوەی نزیکەی 25 ساڵ لەوبەر نووسییان ئێستا زۆربەیان نووسەر و میدیاکارن، کە دەتوانم بڵێم دەرخستن و بایەخپێدانی ئەو توانایانە لەلایەن ئەم پەروەردەکارە ڕاستەقینەیەوە جێگەی خۆی گرت.
ئەوەی لەم کتێبەدایە هەم هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانی نێو سیستمی پەروەردە لەلایەن کەسێکەوە کە خۆی ساڵانێکی زۆر هەم مامۆستا بووە لەنێو سیستمەکەدا هەم ڕاوێژکاریی پەروەردەیی بووە و هەم نووسەرێکی بوارەکەش بووە و هەم خەمخۆری پەروەردەش بووە، بۆیە لەگەڵ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان هاوکات ڕێگەچارەکانیشی خستووەتە ڕوو، بە جۆرێک کە ناوەندە پەروەردەییەکان دەتوانن کتێبەکە وەکو ڕێبەرێک بەکاربهێنن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان لەپێناو نەوەیەک، کە خاوەنی کەسێتییەکی پتەوی خزمەتگوزار بێت.
دەستخۆشی بۆمامۆستا ڕزگار و دامەزراوەی پەروەردەیی ژیار و چاپکردنی ئەم پەرتووکە و زنجیرە پەرتووکە پەروەردەییەکان، کە پێویستییەکی گرنگی کتێبخانەی کوردین.