مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆز دەکات

مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی پیرۆز دەکات و دەڵێت: جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە.

یەکشەممە، 01-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی (50)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: بە بۆنەی (50)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتیی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مەسرور بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش داوە: “ئومێدەوارم یەکێتیی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت.”

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، سەرۆک وەزیران ئەوەی خستووەتە ڕوو “لەم بۆنەیەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بدات و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و ناوچەییەکان ببێتەوە.”

لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و پڕۆژەی دروستکردنی یەکێتی گەڵاڵە کرا. کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی کرا و لە ڕۆژی 1-6-1975 بە فەرمی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا.