بڕیاری نەناردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاردانەوەی فراوانی کوردستانیانی لێکەوتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا دێت کاردانەوەکان دژی برینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارای عێراقەوە لە زیادبووندایە، سەرجەم لێکدانەوەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە بەغدا بە نیازە بە بیانۆی نایاسای و نادەستووری سزای خەڵکی کوردستان بدات. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، نابێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت، بە کشانەوەی کورد لە بەغدا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق تێکدەچێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، مەرکەزیەت لە عێراق تەنیا شەڕ و ناخۆشی بۆ ئەو وڵاتە ھێناوە، ئەوەی ئێستا لە عێراق ھەیە سیستەمێکی دیکتاتۆری تاکڕەوی، وەڵای دواکەوتووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٨ـی ٥ـی ٢٠٢٥، تەیف سامی، لەڕێگەی نووسراوێکەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە چیدیکە بەغدا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بنێرێت، ئەمەش بە پاساوی ئەوەی ھەرێمی کوردستان بڕی پشکی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە.
لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە بەرامبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەنانردنی مووچەی ھەشت مانگی داھاتووی فەرمانبەرانی کوردستان، لەسەر ئاستی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە وەڵامی توندی دارایی عێراق درایەوە، لەو چوارچێوەیەشدا شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران، پێیانوایە، بەغدا پێشێلی دەستوور دەکات و مافی خەڵکی عێراق بە تەواوی نادات.
بەپێی ماددەی ٦٠ی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر تەخسیساتی داراییش نەمێنیت، دەسەڵات دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران، ئازووقە، کارەبا و چەند بوارێکی دیکە تەرخان بکات، ئەم ھەڵوێستەی وەزارەتی دارایی عێراق ھەڵوێستێکی سیاسییە، چونکە ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە و پێچەوانەی دەستووریشە.
بڕیاری ڕاگرتنی ٨ مووچەی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، کاردانەوەی تووندی لە ناوخۆی کوردستان لێ کەوتووەتەوە، خەڵکی کوردستان و ھەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و پارتی و یەکێتییەوە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی حکوومەتی کوردستان لەسەر حەقە و ھەموو پابەندی و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، خەتای حکوومەتی عێراقە مووچە نانێرێت و زوڵم لە خەڵکی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستە ھەڵوێستی توندی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
لە کاردانەوەی بڕیاری بڕین و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە لە پێشەڵکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر تا پێش جەژنی قوربان ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ڕەوانە نەکرێت ھەڵوێستی جددیان دەبێت و ڕایدەگەیەنن.
کارزان سەمیر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەم بڕیارانەی وەزارەتی دارایی ھەڵچوونی تێدایە، نادەستوورییە، مەترسیدار و نایاساییە لەگەڵ کارنامە و ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەت یەک ناگرێتەوە، ناکرێت وەزارەتێک قوتی ملیۆنان کەس ببڕێت، ئەم کێشەیە نوێ نییە و بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، لە عێراق کۆمەڵێک ھێزی سیاسی ڕق لە دڵ ھەن و نایانەوێت گەلانی عێراق لە خۆشیدا بژین، بۆیە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تاوانێکی گەورەیە و پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستێوەردانی خێرا بکات.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: مەرکەزیەت تەنیا شەڕ و ناخۆشی بۆ عێراقییەکان ھێناوە و ئەوەی ئێستا ھەیە سیستەمێکی دیکتاتۆری، تاکڕەوی و وەلای و دواکەوتووە، ناوەندیەتی بەغدا مەترسیدارە، سیاسەتی برسیکردنی ھاووڵاتییان بەھۆی ململانێی سیاسییەوە تەواو شکەست خواردووە، دوای ڕێککەوتن و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، سوودانی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان چیتر نەنێرێت، ئەمە بڕیارێکی پڕ لە ڕق و قینە و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستانە، ناھێڵن نەوت ھەناردە بکرێت، بودجە نانێرن، مووچەش ڕادەگرن.
جیھاد مونیر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێویستە ھەر دوو حکوومەت کۆببنەوە، لەسەر ئەوە ڕێکبکەون، لایەنی کەم بڕینی قوتی خەڵک بە دوور بگرن لە کێشە سیاسییەکان و ڕەچاوی دۆخی دارایی خەڵک بکەن، چونکە ناکرێت ھەر کێشەیەک ڕووبدات دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببەن.
ئەو چاودێرە، ئاشکراشی کرد: ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی فیدراڵی و نابێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت، پێویستە پێش جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت، چونکە ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەیکات کارێکی ناڕەوایە، مووچە مافێکی سرووشتیی ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و پێمانوایە ئەجێندای سیاسی لەپشت ئەم جۆرە بڕیارانەوەیە، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین بەبڕیارەکانی بچێتەوە و پەرلەمانیش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
مێڤان شاکر، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: کورد چەندین فشاری سیاسیی بەدەستەوەیە کە دەتوانیت بەرامبەر بەغدا بەکاریان بھێنێت، گرتنەوەی ئاو و بڕینی کارەبا و بەکارھێنانی پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ ئەمریکا، کە ئێستا ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی باڵا پشتیوانێکی بە‌ھێزی ھەرێمی کوردستانە، کە لە دواین پەیامی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی ستراتیژیی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ھەروەھا پێشتریش کاتێک مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بوو، مارک ڕۆبیۆ وتی، ئێمە بەڕوونی و ڕاشکاوی بە حکوومەتی عێراقمان وتووە، ئەگەر دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی ھەبێت لەگەڵ ئەمریکا، مەرجێکی سەرەکیمان ھەیە، ئۆتۆنۆمی کوردستان و مافەکانی بپارێزێت، ڕێگە لە ھیچ گەشەیەکی ئابووری و خۆشگوزەرانی ھەرێمی کوردستان نەگرێت، ھەروەھا بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتوو و کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، ئەو وڵاتە تێک دەچێت، ئەوانە ھەموو ئەو فشارانەن کە ھەرێم دەتوانێت بەرامبەر بە بەغدا بەکاری بھێنێت.