بەرهەمی ساڵانەیان ١٥٠ تۆن هەنگوین دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، ئاشکرای کرد، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ٥٠٠ ھەنگەوان ھەن، بەرھەمی ساڵانەیان دەگاتە ١٥٠ تۆن ھەنگوین. دەشڵێ: کارگەیەک لە ناوچەکە ھەیە و بەرھەمی ھەنگەوانان وەردەگرێت، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە قازانجێکی باشتر بکەن.

کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، ھەر ئەوەش وایکردووە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی پلەی یەکەم بەدەستبھێنێت، بەپێی ئامارەکان لە ھەموو جیھان ٢٠ ھەزار جۆری ھەنگ ھەن، ١٠ ھەزار جۆریان لەناو ھەرێمی کوردستان ھەنە و ھەنگەوانەکان ھەریەکەیان بەپێی سروشتی ھەنگەکە بەخێویان دەکەن.
ھەنگەوانی پیشەیەکە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٠ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ژمارەی ھەنگەکان لە دنیادا نزیکەی دوو ترلیۆن دەبێت و ساڵانە بە بەھای نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بەرھەمیان ھەیە جگە لە ھەنگوین، ھەنگ پیتاندن بۆ زۆربەی گوڵی میوە و دانەوێڵە دەکەن کە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، ھەنگ ھۆکاری بەرھەمھێنانی میوە و دانەوێڵەیە لە دنیادا.
محەممەد مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاوی و لەبارە و ڕووبەرێکی فراوانی دارستانی ھەیە دەتوانین بڵێین باشترین ناوچەیە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، لەم بوارەشدا خەڵکێکی زۆری ناوچەکە خەریکی ئەو کارەن، کە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەخێوکردنی ھەنگ پەرەی پێدەدەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: ڕێژەی بەرھەمھێنانی ھەنگوین ساڵ لە دوای ساڵ بەھۆی کەشوھەوا و کاریگەریەکانی لە ھەڵبەز و دابەزیندایە، لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا بڕی بەرھەم زۆر لە کەمی داوە، بەڵام ئەگەر کەشوھەوا لە بار بێت و ھەنگ بتوانێت کاری خۆی بکات، بەرھەمێکی یەکجار زۆرمان دەبێت، کە زیاتر لە ١٥٠ تۆن دەبێت، خۆشبەختانە کارگەیەکیشمان ھەیە و دەستی بەکار کردووە و بەرھەمی ھەنگەوانان وەردەگرێت و ساغ دەکاتەوە و بازاڕیان بۆ پەیدا دەکات، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە دەست بەو کارە بکەن و پەرەی پێ بدەن و قازانجێکی باشتر بکەن.