پێگەی ئۆیل پرایسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە سەردانە گرنگەکەی سەرۆکوەزیرانی هورێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەکات بۆ ئەمریکا و تیشکی خستووەتە سەر گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئۆیل پرایس، ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گاز ، هەرێم کوردستان بە ناوچەیەکی سەلامەتر و ڕاستگۆتر لە عێراق دەبینن.
پێگەکە، ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا، وەکوو ناوچەیەک بۆ پەرەدان بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە “کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی تایبەت بە وزە، ماوەیەکی زۆرە کوردستان وەک شوێنێکی هیوابەخش و خاوەنبەڵێن بۆ وەبەرهێنانی نەوت دەبینن.”
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی ڕاستگۆتر، سەقامگیرتر و خێراترن لە گرێبەستەکانی حکوومەتی عێڕاق.
لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوە کراوە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا دژی ئەو گرێبەستانە بوو، بەڵام کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە کارەکانیان لە هەرێـمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامن.
شەممە 17ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.