دوێنێ، دووشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥، ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ساڵانەی زانکۆی کاتۆلیکی لە ھەولێر ڕایگەیاند، بەم زووانە کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی یەکێتی و پارتی بۆ مەبەستی تەواوکردنی کارەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەستپێدەکەنەوە.
ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی گوتی، “لەسەر ھەموو وردەکارییەکانی حوکمڕانی کاری باش کراوە و لە پێکھێنانی کابینەی نوێ نزیک بووینەتەوە.
ھۆشیار زێباری گوتیشی، “لە کۆبوونەوەکانی شاندە سیاسی و تەکنیکییەکان لەسەر ھەموو وردەکارییەکانی حوکمڕانی کاری باش کراوە، دەبێت وەرەقەیەکی سیاسی و دیدگایەکی ھاوبەش و بەرنامەی حوکمڕانی ھەبێت و پێداچوونەوە بە ھەموو شتەکانی ڕابردوو بکەینەوە کە لە کابینەکانی ڕابردوو ھەبوو، بە جۆرێک یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک لەشکر ھەبێت، ئێمە ئەو بابەتەمان تەواو کردووە.
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی زیاتر گوتی، “ئێستا چووینەتە وردەکاری دابەشکردنی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سەرەکی و خزمەتگوزاریییەکان، ئەم ماوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە بڕیار بەدەستەکان لە دەرەوە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە.