مەکتەبی سیاسیی پارتی: بە ھەڵگیرساندنی شۆڕش خەونی داگیرکەر و دوژمنانی گەلەکەمان خرایە چاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان

ئەندام و لایەنگرانی تێکۆشەری پارتیمان

پێشمەرگە قارەمانەکان

لە بیست و شەشی گوڵانی ساڵی (١٩٧٦)، بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی پارتیمان، شۆڕشی گوڵانی گەلەکەمان بەرپابوو، بە ھەڵگیرساندنی شۆڕش خەونی داگیرکەر و دوژمنانی گەلەکەمان خرایە چاڵ و، بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا گەلی کورد لە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی زۆر بەھێزترە.

ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، شۆڕشی میللەتێکی ھەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوا بوو، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن و نە بە پیلان و گەلەکۆمەکێی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەناونەبرا، پارتی و ڕێبازی بارزانییش ئەو پارت و ڕێبازە نین، کە بەو فشار و ھەڕەشە و دووژمنکارییانە کۆڵ بدەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن و رێگە بدەن سەودا و سازش بە مافەکانی کوردەوە بکرێت، ھەروەھا سەرھەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاکە ڕێگەی چارەسەری دۆزی کورد دانپێدانانە بە سەرجەم مافە نەتەوەییەکانی ئەو میللەتە.

شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بەدیھێنانی ئامانجەکانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی نسکۆی ڕەواندەوە، بووە دەستپێکی قۆناغێکی دیکەی خەباتی کوردایەتیش، کە سەرباری ئاستەنگ و کێشەکان، توانی ئەو خەباتە ڕەوایە درێژە پێبدات تا پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و کۆبوونەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەکان لە دەوری یەک ھیواو ومەبەست.

ئەو ھەنگاوەش بووە ھەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی پیرۆزی ساڵی (١٩٩١) کە ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم گەلی کوردستاندا کردەوە، دواجار گەلی کوردستان سەربەرزانە و لەسەر خاکی خۆی دەسەڵاتی دیموکراسییانەی خۆی لە چوارچیوەی ھەرێمی کوردستان دامەزراند و کۆی ئەوانەش، کە پیلانی ڕێککەوتننامەی جەزائیریان دژ بە گەلی کورد و شۆڕشەکەی ئەنجام دا، نابووت بوون و لە لایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگون کران.

ئەمڕۆ کە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەکەینەوە، گەلەکەمان قۆناغ گەلێکی دوور و درێژ بڕیوە و سەتان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین بەربەستی دژوار و ناھەمواری تەخت کردووە و پیلانی دیکەی پوچەڵ کردۆتەوە و دووبارە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێ. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکیەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتی گەل حزبی ژمارە یەکی عێراق و کوردستانە. ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگری و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و ئیعتباری لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتی خەبات و ئاواتەکانی گەلەکەمان بێت.

لە کاتێکدا یادی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیر ھەنگاو دەنێین، بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتی ھەرێم، بەرەو پێکھێنانی کابینەی دەیەم و کاراکردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەکانمان و حکوومەتێکی بەھێز و سەرتاسەری، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر و باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان زۆرترین نەرمی لە پێناودا نواند.

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، ھەمیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسی و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاری کوردستان.

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێدەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە رێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بە نرخی ئەوانە.

دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.

سڵاو بۆ یادی ئەو تێکۆشەرانەی سەرقافڵەی ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی شۆڕش بوون.

گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و کۆی خەڵکی کوردستان دەکەین، بە تایبەتیش یەک بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە بە جوامێری و لە سایەی ھیممەت و نەبەردیی ئەواندا کوردستان و پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.

سەرکەوتن ھەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە.

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کورد و کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٥