ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی پرسی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، گفتوگۆی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، مێزگردێکی تایبەتی لەبارەگای نووسینەگەکەی بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆخی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕێکخست.
مێزگردەکە بە بەشداری نوێنەرانی دەزگا حکومییەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و چەندین لایەنی پەیوەندیداری دیکە بەڕێوەچوو.
لە مێزگردەکە، تیشک خرایە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرسی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتە بەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، لەوانە ئەو هەنگاوانەی لە میانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) نران، کە چەندین رێکاری لەخۆگرت بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە مامەڵەی دڕندانە و ئەشکەنجەدان و بێبەشبوونی کەم ئەندامان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
هاوکات، باس لە گرنگی ڕەچاوکردنی هەموو جۆرە کەمئەندامییەک کرا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە لایەنی دەروونی، ئاماژە بەوەدرا نزیکەی 25 هەزار و 553 نەخۆشی دەروونی پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە، بەپێویست زانرا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان دروست بکرێت.
هەر لە مێزگردەکەدا، دیاردەی توندوتیژی دیجیتاڵی خرایە ڕوو، جەخت لەسەر پێویستی هۆشیارکردنەوە و پەرەپێدانی میکانیزمی پاراستنی یاسایی و تەکنیکی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرایەوە.