ڕائیب جادر – هەولێر
٤٩ ساڵ تێدەپەرێت بە سەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز ئەو شۆڕشەی درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو کە لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ بەرپابوو، توانی ھیوا و ئومێدی گەلی کورد زیندوو بکاتەوە، ھەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ بە چاودێری سەرۆک بارزانی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە ٤٩یەمین ساڵڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، (دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتننامەی جەزائیر) ساز دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە بە چاودێری سەرۆک بارزانی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٤٩ـیەمین ساڵڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دیداری نیو سەدە ڕێککەوتننامەی جەزائیر ساز دەکات، کە تیایدا شڕۆڤە و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە دەکرێت، کە کۆمەڵێک توێژەر و پسپۆڕی کورد و بیانی بەشدارن تیایدا، وتار، دۆکیۆمێنتاری، چەندین پانێڵ و بڕگەی جیاواز لەخۆی دەگرێت و ھەوڵ دەدات ببێتە بەشێک لە بیرکردنەوەی کوردی و ڕانانی چارەسەر بۆ ژیانی سیاسیی کوردستان.
شۆڕشی گوڵان گڕی گڵپە کردووی ژیلەمۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەم شۆڕشە دیسان ئەوەی سەلماند کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھەموو ئیرادەیەک خەبات دەکات بۆ ئازادی کوردستان، شۆڕشێک کە پڕ بوو لە مانای بەرزی کۆڵنەدان و بەردەوام بوون لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد. پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول نەیانھێشت خەونی دوژمنان بێتەدی کە بەنیازبوون شۆڕشی کورد بۆ ھەتاھەتایی لەناوببەن، نسکۆی ١٩٧٥ دەرەنجامی گەلەکۆمەکییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بوو، بەڵام بەرپاکردنەوەی شۆڕش ھیوایەکی نوێی بە گەلی کوردستان بەخشیوە.
شۆڕش ھەر زوو مەفرەزەی بچووکی پارتیزانی دروستکردەوە، لەناو جەرگەی ھەرێمی کوردستان بەرپاککرایەوە و لە ناوە و دەرەوەی وڵات زۆر کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەی پێشووی شۆڕشی ئەیلوول گەرانەوە و چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتیان دەستپێکردەوە. دوای ڕێککەوتنامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان ھەڵسانەوەیەکی دیکەی کوردبوو لە ھەرێمی کوردستان.
دەستپێکی شۆڕش
لە ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوکردنی ئامانجە بەدی نەھاتووەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان یەکەم بڵێسەیدا و کاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانی درێژەپێدا، ئەو شۆڕشە، گیانی یەکڕیزیی و ھاوسەنگەریی گەلی کوردستانی بەرجەستە کرد، تاوەکو پێکھێنانی بەرەی کوردستانی، کە ھەوێن و داینەمۆی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بوو، لە ٢٦ی مانگ لە دۆڵ زەوی یەکەم مەفرەزەی شۆڕش کە ٢٣ پێشمەرگە بوون لەگەڵ سوپای عێراق دەبێتە شەڕیان و سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی دەبێتە یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان، مام نەبی یەکەم برینداری شۆڕشی گوڵان دەبێت، پێشمەرگە و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول نەیانھێشت خەونی دوژمنان بێتەدی، کە بەنیازبوون شۆڕشی کورد بۆ ھەتاھەتایی لەناوببەن.
خەلیل عیسا، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: شۆڕشی گوڵان بەردەوامیدان بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکەی گەلی کورد، دوژمن وای لە ئێمە کردووە کە بەردەوام دژی بوەستینەوە، بۆیە ئەو ھیوا و ئاواتەی زیندوو کردەوە، کە لەو ساتە ھەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو کە گشت ناحەزانی کوردی سەرسام کرد و ئومێدێکی گەورەشی بە گەلەکەمان بەخشی.
ساڵح شەریف، پێشمەرگەیەکی دیکەی ھەمان شۆڕشە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەدەستپێکی شۆڕشی گوڵاندا شەھید ئیدریس بەنھێنی پێشمەرگە و جەماوەری لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە، ھەمیشە بۆ خەڵک و پێشمەرگەی ڕووندەکردەوە کە دەبێ بۆ دوژمن بسەلمێنین ئێمە لە پێناو ئازادی و ڕزگاری خەڵکی کوردستان ھەمیشە شۆڕشگێر و خەبات گێڕین، شەھید ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی کۆڵ نەدەر و خەبات کاربوو، بەوەفا و نیشتمانپەروەر بوو و ھەمان سیفەتی باوکی ھەبوو، بۆیە وەکو سەرکردەیەک سەرپەرشتی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازی کرد و ھەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە کۆدەبوویەوە و خۆی و سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری ئێمەیان دەکرد کە دەبێ ھەموو کاتێک پێکەوە ئامادەبین و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکەین.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا
ئەحمەد شەوکەت، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: شۆڕشی گوڵان پاش ئەو ھەموو کارەساتەی بەسەر گەلی کورددا ھات، ھاتە کایەوە، کە نەک بەس لە عێراق بەڵکو لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، سەرۆک بارزانی، بڕیاری دا بە پەلە دووبارە ڕێکخستەکانی خۆیان ڕێک بخەنەوە، ئەوە بوو سەرۆک بارزانی توانی بەربەستەکانی کوردستان بشکێنێت و قۆناغی پارتیزانییش زیاتر بکات و شۆڕش لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بەرپا بوو، سەرۆک بارزانی، ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە سەرپەرشتیکردنی ھەموو دەزگاکانی حزبی، ھەروەھا لە قۆناغەکانی شۆڕشدا ڕۆڵێکی گرینگی ھەبوو چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە پەیوەندییەکان لە بواری سەرپەرشتیکردنی لەشکر و لە بواری ڕاگەیاندن و لە ئامۆژگاریکردنی بەشی ڕێکخستن، لە ھەمان کاتیشدا لە شەڕەکاندا بەشداری دەکرد و دەورێکی باڵای ھەبوو، بەتایبەتی لە شەڕی خواکوڕکدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، سەرۆک بارزانی، سەردانی دەرەوەی کرد، لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیھان کۆبوویەوە تا توانی جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە خۆش بکات.
شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول لە چیدا جیاواز بوون
ئێحسان حسێن، پێشمەرگەیەکی دیکەی ھەمان شۆڕشە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: قۆناغی دەستپێکردنی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان جیا بوون، بەڵام یەک ئامانجیان ھەبوو، کاتێک شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد کوردستان ئاوەدان بوو، پارتی توانی سەرکردایەتیی شۆڕش لە زاخۆ تا خانەقین بکات، بەڵام کاتێک شۆڕشی گوڵان دەستیپێکرد، شۆڕشی ئەیلوول توشی نسکۆ ببوو، بۆیە پارتی توانی بە شێوەیەکی نھێنی ڕێکخستەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و سەرکردایەتیی پارتی توانی پارتی نوێ بکاتەوە و شۆڕشی گوڵان ھەڵبگیرسێنێت، بۆیە شۆڕشی گوڵان ھەمان گەوھەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونکە بە شێوە و تەکنیک و بزاوتێکی نوێتر ھاتەکایەوە، شۆڕشی گوڵان جگە لە پارتی، حزبە کوردستانییەکانی دیکەی لە خۆ کۆ کردبوویەوە، بۆیە شۆڕشێکی سەرکەوتوو بوو، توانی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرینگ بۆ گەلی کوردستان مسۆگەر بکات، دوژمنانی کورد ھیچ بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە شۆڕشی کوردی سەرھەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاکانی کوردستان، بۆیە شۆرشی گوڵان ئومێدێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و ترسێکی گەورەشی لە دڵی دوژمنان دروست کرد.
دەستکەوتەکانی شۆڕشی گوڵان
شۆڕشی گوڵان بە تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول دادەنرێت، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول زۆر بوون، لەوانە ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئادار، لە ھەمان کاتیشدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو و پەڕەی بە خەبات دا، ئەو شۆڕشە توانی ھەموو ھێز و بیر و باوەڕەکان لەژێر یەک چەتر کۆبکاتەوە، بۆ زیاتر ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد، دروستبوونی حکوومەتی ھەرێم و ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ ئێمە تێدا دەژین، بەرھەمی ئەو شۆڕشەیە، دەستکەوت و سەروەرییەکانی شۆڕشی گوڵان زۆرن بریتین، لە دەستکەوتەکانی ئێستا و سەرکەوتنەکانی ڕابردووی گەلەکەمان، چونکە ئەوەی کە ئێستا ھەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەھیدەکان و بەرھەمی شۆڕشی گوڵان ھاتوونەتە دی.