سلێمان تاشان – ههولێر
مایکڵ نایتس شرۆڤەکاری پێشووی کاروباری سیاسیی و تەناهیی عێراق لە دامەزراوەی واشنتن لە میانەی کۆڕبەندێکدا کە لە دامەزراوەی جیهانیی ”ئەلمۆنیتۆر” لە واشنتن دی سی بەڕێوەچوو پێی وایە یەکێک لە هەنگاوە هەنووکەیی و زۆر پێویستەکان کە دەبێت ئەمەریکا لە عێراق بیهاوێژێت ئەوەیە سەقامگیری و پێگەیەکی پتەوتر بۆ هەرێمی کوردستان بنیات بنێت، چونکە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و ئارامییەکەیان وەک کورد تەنیا بۆ خۆیان نەبووە بەڵکوو هەرێمەکەیان بووەتە ئارامترین شوێن و پەناگە بۆ کریستیانەکان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی دیکەی عێراق.
ئەو دیدار و کۆڕبەندە لەکاتێکدا بەڕێوەچووە کە چەند ڕۆژێکە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکان و یەکێک لە گرنگترین ئەنجامی سەردانەکەیان واژۆکردنی گرێبەستێکە لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمەریکی بە ناوەکانی HKN ENERGY و Western Zagros کە بەهای گرێبەستەکە بە سەد و دە ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. دوای واژۆکرانی گرێبەستەکە وەزارەتی نەوتی عێراق دژایەتیی خۆی بۆ گرێبەستەکە دەربڕی و بە نایاسایی هەژماری کرد بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و گوتی یاسایین و لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق واژۆ کراون و پێشتریش لە لایەن دادگاکانی عێراق پەسند کراون.
مایکڵ نایتس هەر لەو سۆنگەیەوە بە پێویستی زانیوە حکوومەتی ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتییانەی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن هەنگاو بنێت. ئەو دەڵێت حکوومەتی ئەمەریکا زۆر قسە دەکات بەڵام ئێستا کاتی کردارە و دەبێت هەر یەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق لەوە تێبگەیەنرێن کە بە چاوی دەرفەت سەیری ئەو جۆرە گرێبەستانە بکەن.
لێکۆڵەرەکە پێداگری کردووە چارەسەریی کۆتایی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جگە لەوەی کە لە قازانجی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدایە لەهەمان کاتدا قازانجێکی زۆری بۆ بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەمەریکا هەیە و نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی جێی متمانەی ئەمەریکایە لە جەنگی دژی تیرۆر.
پێویستە بگوترێ بەپێی دەستووری هەمییشەیی عێراق هەرێمی کوردستان ئەو مافەی هەیە سامانە سروشتییەکانی خۆی پەرە پێ بدات، بەڵام تا ئێستا بەغدا دژی ئەو مافە جووڵاوەتەوە و هەر بۆیەش لێکۆڵەرە ئەمەریکییەکە هەرێمی کوردستان بە فاکتەرێکی زۆر گرنگ بۆ سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی عێراق سەیر دەکات.
نایتس دەڵێت تەنانەت پڕۆژە ستراتیجییەکانی داهاتووی عێراق لەوانەش پڕۆژەی ڕێگای گەشە کە بڕیارە باشووری عێراق بە تورکیا گرێ بدات، بە بێ هاوکاریی هەولێر و بەغدا سەرناگرێت، ئەگەر ئەو دووانە ڕێک نەکەون نە هیچ هێڵێک ڕادەکێشرێت و نە تورکیاش بە کەنداو گرێ دەدرێت، تەنانەت ئەو ڕێککەوتنانەی کە عێراق لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاودا دەیانکات سەرناگرن و پەرە بە پڕۆژەکانی نەوت و گازی کەرکووکیش نادرێت.
هەرێمی کوردستان هەر لە کۆنەوە پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبووە و لەم ساڵانەی دواییدا واشنتن یارمەتییەکی زۆری سەربازی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەیشدا ڕۆڵی کارای گێڕاوە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەرپرسانی ئەمەریکی پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆکوەزیران، مەسرور بازرانی کرد کە هێمایە بۆ پێوەندیی پتەو و قووڵی نێوان هەولێر و واشنتن.
سێناتۆر و بەرپرسانی ئەمەریکا باسیان لەوە کردووە کە ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراون تەنیا لە قازانجی هەرێمی کودستاندا نین بەڵکوو لە قازانجی تەواوی عێراقدان.
ئەو لە کۆتاییدا وتی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و پەرەسەندنی دەسەڵاتەکانیان لە بەڕێوەبردنی خۆیاندا دەبێت ببێتە سیاسەتی فەرمیی ئەمەریکا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو لێدوانانەی لەم هەفتەیەدا لە بەرپرسانی ئەمەریکایان بیست چاوەڕوان دەکرێ ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرجەستە ببێت.