ئەمڕۆ 19ی ئایاری 2025 لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بیست و نویەمین بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لەم گفتوگۆیەدا كە بەرێزان ” حسێن حەمە كەریم ، د.جۆشان مەجید حەداد، د.دیار نافع ، ئەحمەد جەمیل، نەوزاد شێخ كامیل ، محەمەد سەدیق بارزانی، ئازاد دیبەگەیی ، نەبەز ڕەفعەت ، د.نەوزاد محەمەد عەزیز ، عەبدولڕەحمان سلێمان باگیرە ، كریستیان ئیلیاس هاوێڵ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی ، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد – ” ئامادەبوون، سەرەتا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان نمایش كرا كە تیایدا ڕابۆچوونی پسۆران و بەرپرسانی كەرتی كشتوكاڵی و خاوەن پرۆژە كشتوكاڵیەكان وەرگیرابوو ، پاشان ئامادەبووانی گفتوگۆكە زۆر بەراشكاوانە بۆ نزیكەی 3 كاتژمێر گفتوگۆیان لەسەر كرد.
خاڵی هاوبەشی ناو كۆی بۆچوونە جیاوازەكان سەبارەت بە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بە هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی ئەوەبوو كە ئەم كەرتە گرنگە كە توانای ئەوەی هەیە تەواوی سەبەتەی خۆڕاكی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بەشێكیشی هەناردەی دەرەوە بكات، ئاستەنگی سەرەكی ئەوەیە كە لەڕووی بەربوومی كێڵگە و ڕەزگەرییەوە پلان و بەرنامەیەك نییە كە كۆی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بەسەر ناوچە جیاوازەكانی كوردستان دابەش بكات بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی تەواوكاری خۆراك دابین بكات، هەروەها دیسان لەم سێكتەرەدا دۆزینەوەی بازار زۆر گرنگە و لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە كۆگای ساركردنەوەی هەڵگرتنی بەربوومەكان زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بەسەر تەواوی مانگەكانی ساڵدا دابەش بكرێت.
سەبارەت بە سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی ، دیسان جەخت لەوە كرایەوە لەم سێكتەرەشدا ئاستی بەرهەمهێنان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە بەڵام نەتوانراوە وەك سێكتەرەكانی دیكە بە تایبەتی نەوت و گاز و پیشەسازی وەبەرهینانی گەورەی تێدا ئەنجامبدرێت و سەرمایەی گەورەی تێدا وەگەڕ بخرێت.
لەلایەكی جەخت لەوە كرایەوە كە خاڵی سەرەكی و گرنگ بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بایەخدانە بە زانستی كشتوكاڵی و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیژەكانی كشتوكاڵ و وەگەڕخستنی توانای ئەو ئەندازیار و كارمەندە كشتوكاڵیانەی لە كۆلێژو پەیمانگا كشتوكاڵیەكان دەردەچن، لەم بوارەدا ڕەخنە ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكان كرا بەوەی وەك پێویست نەتوانراوە تواناو لیهاتوویی ئەندازیاران و كارمەندانی كشتوكاڵ لەهەردوو كەرتی گشتی و تایبەت وەك پێویست بخرێتە گەڕ و سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت.
سەبارەت بە ئیمكانیەتی وەزارەتی كشتوكاڵیش ، لەگەڵ ئەوەی راشكاوانە ئاماژە بەوە كرا كە لەلایەن حكومەتی بەغداوە پشكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بودجەی وەبەرهێنان چەندین ساڵە پشكی هەرێمی كوردستان نانیرێت، بەڵام ئاماژەش بەوە كرا بەبەراورد بەگرنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە وەزارەتێكی گرنگە و پەیوەندی راستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراكە هەیە وەك پێویست گرنگی پێنەدراوەو بودجە و ئیمكانیەتی پێویستی بۆ تەرخانكراوە.
جێگەی ئاماژە پێكردنە ڕاپۆرتی ” بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا” رۆژی 26ی ئایاری 2025 لەسەر لاپەرەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.

