ئەمرۆ سێشەممە، 2025.5.20، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە پێکهاتووە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى و د.عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و نوخشە ناسح، پارێزگارى هەڵبجە و شاکر حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران و بەرپرسانی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و باشماخ و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و شاندى یاوەریان، گەیشتنە فڕۆکەخانەی شارى سنە ( پارێزگاى کوردستان ) و لەلایەن ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی ئێران و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی باڵای شارەکە بەگەرمی پێشوازیان لێ کرا.
وا بڕیارە شاندی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچیوەى سێەمین دیدارى پارێزگا هاوسنوورییەکان، کە ئەمڕۆ و بەیانی له شارى سنه بەڕێوەدەچێت لەگەڵ پارێزگارانى ( ئازربایجانى ڕۆژئاوا “ئورمیە” ، سنە “پارێزگای كوردستان”، کرمانشا )، چەندین دیدارى گرنگ بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی و برهودان به بواری كولتوورى و پێوهندییه ئابوورییهكانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان، ئەنجامدەدەن.