ڕائیب جادر – هەولێر
پێویستە دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا. شارەزایانی بواری دەستوور، دەڵێن، دەستووری عێراق ھیچ کێشەیەکی نییە، کێشەکە لەوەدایە جێبەجێ ناکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە دەبێت دەستوور بنەما بێت بۆ ھەر ڕێککەوتنێک کە دەکرێت، چونکە بەجێبەجێ کردنی ھیچ کێشەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا نامێنێت.
حکوومەتی عێراق خۆی لە چەندین ماددەی دەستووری پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان دزیوەتەوە، گرنگترینیان جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە ھێزی بەرگری عێراق و بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان.
بەردەوام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوایکردووە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن، بەڵام ھەنگاوەکانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێچەوانەی بڕگە و ماددەکانی دەستوور مامەڵەیان کردووە و کاریان بە دەستوور نەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە چوارچێوەی وتارەکەی لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی ھەر دوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان، سەرۆک بارزانی، تیشکی خستە سەر دۆخی عێراق و جەختی لەوەکردەوە، سێ کۆلەکەی سەرەکی ھەن لە عێراق کە لە دەستووردا جێگەیان کراوەتەوە، ئەوانیش بریتین لە ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگییە لە عێراق نەماون، ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو ئاراستەی کە ھەیە، سەرۆک بارزانی ڕەخنەشی لە شێوازی مامەڵەی نافیدراڵیانەی بەغدا لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم گرت و ئاماژەی بەوەدا ئەگەر فیدراڵیەت نەماوە با ڕابگەیەنرێت، ئەو شێوازە ڕەفتارەی مووچە کە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکرێت لەمەودوا بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قەبوڵکردن نییە.
د. نەوزاد عەلی، مامۆستای زانکۆ لە دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەبێت دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، چونکە دەستوور یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ وەکو دوو نەتەوەی سەرەکی کە کورد و عەرەب لەو عێراقەدا دەژین، تا ئێستا ھیچ کاتێک مافەکانی کورد جێبەجێ نەکراون، ھەتا دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەندێک لایەن ڕێگە نادەن ھیچ شتێک لە بەرژەوەندی گەلی کورد تەواو بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە تا ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بە مافە ڕەواکانی خۆیان شاد نەبن ھیچ لە کێشەکان چارە نابن و عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
ئەو شارەزایەی بواری دەستوور، دەشڵێ: دەستوور مافی ھەموو پێکھاتەکانی زامن کردووە، بۆیە گرنگە ھەموو لایەنەکان بەتایبەتی بەغدا پێوە پابەند بێت، چونکە ئەو کێشانەی کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە و چارە نەکراون، ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەر کاتێک دەستوور جێبەجێ بکرێت کێشەکانیش چارە دەبن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەر دوولادا دەبێت.
محەممەد موحسین، شارەزا لە بواری دەستوور، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: قەوارەی ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە، ھەمیشە دوژمنان چاویان بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت، ھەولێر ھەموو کاتێک ویستوویەتی کێشەکان بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێن و پابەندبوونی خۆشی بە دەستوورەوە دەربڕیوە، بەڵام ئەوە بەغدایە پابەندی دەستوور نابێت و ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات.
موحسین، دەشڵێ: پابەند بوون بە دەستوور بۆ ھەر دوو لا باشە و کێشەکانیش چارەسەر دەبن و عێراق لەو دۆخەی کە تێکەوتووە ڕزگار دەبێت، بەپێچەوانەوە ھیچ کاتێک عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر ماددەی ١٤٠ کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە وەکو خۆی جێبەجێ کرابایە، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و سێ قۆناخی لە خۆگرتوووە، کە بریتین لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی، گشتپرسی، کە تاوەکو مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٧ تێپەڕنەکات، جگە لە بەشێک لە قۆناخی یەکەم نەبێت، ھیچ ھەنگاوێکی دیکەی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە داعش و گروپە چەکدارەکان لەو ناوچانە نەدەبوون، بەڵکو خەڵکی ئاو ناوچانە بەرگری لە شوێنەکانی خۆیان دەکرد، ئەوەش وای دەکرد ئەو خەڵکەی ئاوارە بووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ھیچ کێشەیەک لەو ناوچانە نەدەما.
د. زیاد ئیسماعیل، ئەویش کە مامۆستای زانکۆیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: کێشەی ھەرە سەرەکی کورد لەگەڵ بەغدا، ئەوەیە کە چۆن و بەچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لەناو پەرلەمانی عێراق ھەندێک لایەن و فراکسیۆن بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکەن پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، یان دژایەتی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنیا دڵی ھەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە خۆیان ڕازی بکەن، ئەوەش وا دەکات کە چۆن لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو نەک کێشەکان چارە نەکراون، بەڵکو ھەندێک لە کێشەکان گەورەتر بوونە، ئەگەر لە داھاتووش ھەر بەو شێوەیە ھەندێک لە فراکسیۆنەکان بەردەوام دژایەتی کورد بکەن، زۆر زەحمەتە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ببن.
د. خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی، جەختی لەوەکردەوە: بابەتی مووچە بەغدا وەکو مەلەفێکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ دەکات، بەغدا پابەندی بەڵێن و ڕێککەوتنەکان نابێت، بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێلی کردوون و جێبەجێ ناکات و تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ دەکات کە لە بەرژەوەندی ئەواندانە، ئەو ماددانەی کە پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە ھەیە جێبەجێ ناکەن و دژی دەوەستنەوە، بۆیە حکوومەتی عێراق ئامادە نییە دەستوور جێبەجێ بکات و وەکو کیانێکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە دەبوایە بەغدا ڕێزی لە قەوارەی ھەرێمی کوردستانی گرتبایە و شەڕاکەت و تەوافوق و تەوازنی جێبەجێ کردبایە، بەڵام بەداخەوە بەغدا ھەموو ئەمانەی پشتگوێ خستووە و جێبەجێ ناکات.