وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی چارەکردنی شێرپەنجە و سەنتەری شوشتنی گورچیلەی لە دهۆک کردەوە و گوتی بە کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە چیدیکە تووشبووانی شێرپەنجە نۆرە بۆ نەشتەرگەری ناگرن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆژەیەکی زۆر گرنگمان لە دهۆک کردەوە، هەروەکوو لە ساڵانی ڕابردوودا بەڵێنمان دابوو بایەخ بە نەخۆشانی شێرپەنجە بدەین.
گوتیشی: نەخۆشخانەی ‘ئومێد’ بۆ چارەکردنی شێرپەنجە و سەنتەری شوشتنی گورچیلە، بەتەواوی نۆژەن کراوەتەوە و گۆڕانکاریی تێیدا کراوە بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە شاری دهۆک؛ نەخۆشخانەکە بەتەواوی پێداویستییەکانی ‘چارەکردن، دەستنیشانکردن، تاقیگە، تیشک، هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ و چەندین بەشی جیاوازی دیکە و دەرمانخانە لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆژەیە هاوکاتە لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی دیکەی شێرپەنجە لە دهۆک، کە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هەموویان تەواو دەبن، کە یەکێک لە گرنترین پرۆژەکان، چارەکردنی شێرپەنجەیە بە تیشک کە پێی دەڵێن (لێزەر)، ئەمەش ساڵی ڕابردوو، سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی دانا و ئێستا هەیکەلی پرۆژەکە تەواو بووە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردندایە.
ڕاشیگەیاند، پرۆژەکانی دیکەش بریتین لە نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی منداڵان، نەخۆشخانەی هێڤی، هەروەها نەخۆشخانەی چاندنی موخی ئێسک، ئێستا تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەر چوار پرۆژەکە سەرجەم پێداویستییەکانی چارەسەری شێرپەنجەیان بۆ دابین دەکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەند قاوشێک و چەند قەرەوێڵەیەک هەبوو لە نەخۆشخانەی ئازادی چارەی شێرپەنجەیان دەکرد. بەڵام ئیستا لە نەخۆشخانەیەکی 160 قەرەوێڵەیی سەربەخۆ و پسپۆڕی چارەکردنی شێرپەنجەمان هەیە جگە لە شەش هۆڵی نەشتەرگەری. لەمەودوا هیچ نەخۆشێکی شێرپەنجە لە دهۆک بۆ چارەکردن، نۆرە نەگرێت.
بابسی لەوەش کرد، ڕێژەی نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەمترە، هەروەها بەیاسا سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێر پەنجە هەیە کە بەرەنگاریی شێرپەنجە دەبێتەوە لە ڕووی زوو دەستنیشان کردن و چارەکردن.