رۆژی جیهانی دایك دایكان، پاڵه‌وانی ناو چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه‌كانن

زه‌نوێر ئه‌حمه‌د

دایکایەتی هێزێکی سروشتییەو سنووری زمان و کلتوور دەبەزێنێت، دایکه‌كان پاڵەوانی بێدەنگن کە بە چاودێری و رێنمایی، یارمەتی منداڵ و نه‌وه‌كانیان دەدەن بەسەر بەربەستەکانی ژیاندا زاڵبین.

دایكه‌كان منداڵەکانیان بەخێو دەکەن و هه‌ندێكیشیان لە رێگەی لەخۆگرتنەوە دەبنە دایک، هەندێک دایک لەگەڵ چەندین بەرپرسیارێتی تر هاوسەنگ دەکەن. بەڵام هەموویان لە قووڵایی خۆشەویستیاندا یەکسانن.
له‌م راپۆرته‌دا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ (رێژنه‌ ئازاد) ده‌كه‌ین كه‌ كارمه‌ندی ته‌ندروستییه‌، رێژنه‌ له‌باره‌ی دایكه‌وه‌ ده‌ڵێت ” دایک سەرچاوەی خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانییە، هەربۆیە شایستەی گرنگی و بایەخ پێدانێكی زۆره‌، سۆزو میهرەبانی ئەو بێ سنورەو بەراورد ناکرێت بە هیچ کەسێک و رەنگێكی تایبەتیی هەیە. لە ڕووی مرۆڤایەتیییەوە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دروستکردن و مانەوەی خێزان و بە کۆڵەکەی سەرەکی خێزان دادەنرێت، هەمیشە بێ بەرامبەر خۆشەویستی و سۆزی خۆی دەبەخشێت و چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ی نه‌كردووه‌”.
ریژنه‌، باس لەوەش دەکات دایک هەڵدەستێت بە پەروەردەكردن و فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانی، له‌سه‌ر بنه‌ماو به‌ها باڵاكانی وه‌ك (ڕاستگۆیی، دەستپاکی، ڕێزگرتن) تاببنه‌ نمونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی ناو كۆمه‌ڵگه‌و خزمه‌ت به‌ وڵات و نیشتمانی خۆیان بكه‌ن و خۆشیان بوێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان بایەخی زۆر دەدەن بە پێگەو ڕۆلی دایک لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا. توانیویەتی بەو ئاستی ڕۆشنبیریەی هەیەتی پێگە و کەسایەتی خۆی دیاری بکات. بۆیە زۆر گرنگە لە هەموو پرۆژەیەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، رۆڵ و ماف و پێگه‌ی دایک بە هەند وەربگیرێت و دەرفەتی زیاتری پێبدرێ بۆ دەرخستنی وزەو تواناکانی.
رێژنە جەخت لەوە دەکاتەوە یاسا و رێساکان بەو ئاراستەیە دابڕێژرێن کە پێگەی دایک لە ناو خیزان و ناوەندەکانی پەروەردە و کۆمەڵگادا بەهێزتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە دایکان بۆ خۆشیان کار لەسەر پەرەپیدانی زانستی و رۆشنبیری خۆیان بکەن و بە بێ سڵکردنەوە و ئازایانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن .