شۆرش غەفوری – ههولێر
پڕۆژەی ڕووناكی، پڕۆژەیەكی تایبەت و بەرفراوانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە ڕێكەوتی 17ی تشرینی یەکەم لە لایەن سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانییەوە لە گەڕەكی شادیی هەولێر ڕاگەیێنرا.
بە پێی پڕۆژەكە، هەنگاو بە هەنگاو گەڕەكەكانی پارێزگاكان، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین بكرێت و بڕیار واشە كە تا کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم هەرێمی كوردستان كارەباری 24 کاتژمێری بۆ دابین بكرێت.
تا ئێستا پڕۆژەكە لە چ ئاستێكدایە؟
پڕۆژەی ڕووناکی، تا ئێستا گەیشتووەتە 600 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی كوردستان و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین كراوە كە زیاتر لە 43 گەڕەك دەكات. بڕیاریشە تاوەکو کۆتایی مانگی پێنچ ئەم ژمارەیە بگاتە سەروو 1 ملیۆن هاونیشتمانی لەسەر ئاستی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی بەشداربوونی ئەم ڕێژە لە هاوبەشانی كارەبا لە پڕۆژەی ڕووناكی، 729 مۆلیدەی گەڕەك لابراون كە پێشتر دەبوونە هۆی ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە. ئەگەر بەراوردی ئەم مۆلیدانە بكەین بە ئۆتۆمبێل، ئەوا زیاتر لە 120 هەزار ئۆتۆمبێل دەكات.
ڕێژە و ئامارەكانی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارێزگاكان بەم شێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر:
ـ 133 هەزار هاوبەش چوونەتە نێو پڕۆژەی ڕووناكییەوە.
ـ 530 هەزار هاونیشتمانی لێی سوودمەند بوونە.
ـ تا كۆتایی مانگی پێنج، 83 هەزار هاوبەشی دیكە دەچنە نێو پڕۆژەكە.
ـ واتە تا كۆتایی مانگی پێنج، 330 هەزار هاونیشتمانی دیكە سوودمەند دەبن.
بەمەش تا كۆتایی مانگی پێنج، 216 هەزار هاوبەش دەچنە نێو پڕۆژەكە و 860 هەزار هاونیشتمانیش لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگای سلێمانی:
ـ 12 هەزار هاوبەش چوونەتە نێو پڕۆژەی ڕووناكییەوە.
ـ 40 هەزار هاونیشتمانی سوودمەند بوونە.
ـ تا كۆتایی مانگی پێنج، 23 هەزار هاوبەشی دیكە دەچنە نێو پڕۆژەكە.
ـ واتە تا كۆتایی مانگی پێنج، 92 هەزار هاونیشتمانی دیكە سوودمەند دەبن.
بەمەش تا كۆتایی مانگی پێنج، 35 هەزار هاوبەش دەچنە نێو پڕۆژەكە و 132 هەزار هاونیشتمانیش لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگای دهۆك:
ـ 8 هەزار هاوبەش چوونەتە نێو پڕۆژەی ڕووناكییەوە.
ـ 30 هەزار هاونیشتمانی سوودمەند بوونە.
ـ تا كۆتایی مانگی پێنج، 21 هەزار هاوبەشی دیكە دەچنە نێو پڕۆژەكە.
ـ واتە تا كۆتایی مانگی پێنج، 84 هەزار هاونیشتمانی دیكە سوودمەند دەبن.
بەمەش تا كۆتایی مانگی پێنج، 29 هەزار هاوبەش دەچنە نێو پڕۆژەكە و 114 هەزار هاونیشتمانیش لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان:
بڕیار وایە پڕۆژەی ڕووناكی، لە ئایندەیەکی نزیک لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش دەست پێبکات.
پڕۆژەكە شوێنە بازرگانییەكان دەگرێتەوە؟
لە پڕۆژەی ڕووناكیدا هیچ بەش و شوێنێك كە كارەبا بەكار بهێنێت، بێبەری ناكرێت و سەرجەم هاوبەشانی كارەبا لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. لەگەل ئەو ڕێژەیەی سەرەوە لە هاوبەش و هاونیشتمانییە سوودمەندەكان لە پڕۆژەی ڕووناكی.
ئەم هەنگاوە دەستی پێ كردووە لە كەرتی بازرگانی و تا ئێستا 32 هەزار موڵکی بازرگانی كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابین كراوە و خراونەتە نێو پڕۆژەكە و ئەم ڕێژەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئامانجەکانی پڕۆژەكە چین؟
ـ دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بە نرخێکی کەمتر لەپێشوو
ـ دەستكەوتنیە كارەبایەكی نیشتمانی ڤۆڵتییە جێگیر كە هۆكار نییە بۆ سووتانی كەرەستەی كارەبایی هاونیشتمانیان
ـ نەمانی ژاوەژاو و پیسکردنی ژینگە بە مۆلیدە تایبەتەکانی گەڕەکەکان
ـ ڕەخساندنی هەل و مەرجی زیاتر بۆ پەرەپێدانی کارە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان
گرنگترین سوودەکانی پڕۆژەكە چین؟
ـ تەنها پارەی ئەو کارەبایە دەدەیت کە خۆت بەکارتهێناوە.
ـ هاونیشتمانیان پارەیەکی کەمتر دەدەن بۆ کارەبا و هاونیشتمانیانی کەمدەرامەت پارێزراو دەبن، واتە بە بە كۆی گشتی 80%ی هاونیشتمانیان و کەمدەرامەتان بەتایبەتی پارەیەکی کەمتر دەدەن بۆ پسوولەی کارەبا
ـ کۆمەڵێک سوودی دیکە وەک پاکبوونەوەی ژینگە و ناردنی ئاگانامەی بەردەوام بۆ هاونیشتمانیان.
ـ لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات بۆ پڕکردنەوەی بەردەوامی خواستی کارەبا.
ڕوونكردنەوەیەك:
سەبارەت بەوەی كە دەگوترێت پارەی كەم دەگەڕێتەوە بۆ هاوونیشتمانییەك كە بزانێت چۆن كارەباكەی بەكار بهێنێت و ئەمەش هاوكاریدەری خەڵكی كەمدەرامەتە، نمونەیەك لە پارێزگای دهۆك دەهێنینەوە.نیوەی ئەو هاوبەشانەی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارێزگای دهۆک کەمتر لە 35 هەزار دینارییان داوە هەڵبەت ئەمەش دوای پاڵپشتی50%ی حکومەت. هەروەها نیوەی شوێنە بازرگانییەکانی پارێزگای دهۆک كە چوونەتە نێو پڕۆژەی ڕووناكییەوە، کەمتر لە 31 هەزار دینارییان داوە.