لە پەنجا و یەکەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، سڵاو و درود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی دەنێرین.
لهیلا قاسم، سیمبولی خۆنەچەماندن و گیان فیداییە، دژ بە جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس و بۆ بەرپەرچدانەوەی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و ناسنامەی نەتەوەییمان وەستایەوە. کچێکی چاونەترس و زیرەک بوو؛ لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەعسدا بێ باکانە رایگەیاند: بەکوشتنی من هەزاران کورد لەخەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کەگیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستان دەکەم. هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بەلەیلا دەربڕێت.
لەیلا قاسم یەکەم ئافرەت بوو لە عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بە لەسێدارەدانی ترس و لەرزی خستە دڵی دوژمنان و لە هەمانکاتدا سەلماندی خەباتی سیاسیی و نیشتمانی پەیوەست نییە بەھیچ ڕەگەزێكەوە، بەڵکو ئافرەتانیش دەتوانن بوێرانە بەرگری لە ئینتیما و بیروباوەری خۆیان بکەن.
بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بەدەستی ڕژێمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاکان بكەن و بوو بە جۆشدەری هەزارەها لەیلای دیکە بۆ تەواوی گەلی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی جیھانیش بووە نموونەی ئافرەتی خەباتگێڕ و ئازا و دلێر و خۆڕاگر.
بۆئەوەی ئاسۆی ڕزگاری نەتەوەیی و خەباتی پیرۆزمان بۆ کوردستانێکی یەکسان ڕووناک و درەوشاوەبێ، بەشانازییەوە وەک یەكێتی ئافرەتانی کوردستان، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوام دەبین بە کار و تێکۆشان و هەڵوێستی مەدەنییانە بۆ پرسی ئافرەت و پرسی نەتەوایەتی و خۆشەویستی و وابەستەبوونمان بە نیشتمانەوە.
دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی، و گشت شەهیدانی کوردستان، سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
12ی٥ی ٢٠2٥