بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.5.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و ئەندامانی لیژنە، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى بە دواداچوون بۆ بڕیارەکانى لیژنەى ناوبرا و دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنیان، تیشک خرایە سەر ئەوشوێنانەى وەک پێویست تاوەکو ئێستا نەخشەى کەرتى و بنەڕەتییان دیاری نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکایەتى شارەوانى و بەرێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان و بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى بنەڕەتى ڕاسپێردران لە نزیکترین کاتدا، بە هامەنگى بەڕێوەبەرایەتى خانووبەرەى میرى، دەست نیشانى ئەوشوێنانە بکرێت و بەپێى پێویست کاریان لەسەر بکرێت.

پاشان گفتوگۆ لە بارەى مامەڵەى ئەو هاوڵاتییانە کرا، کە خانوویان بە زێدەڕۆ دروستکردووە و بە هۆ و هۆکارى جیا جیا مامەڵەى بەخاوەنکردنیان یەکلا نەکراوەتەوە و ئەو جێگایانەشى کە بەپێى نەخشەى ماستەر پلان گرفتیان هەیە و لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێن خریە بەرباس، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى تەئکیدکردنەوە لە پێشکەشکردنى ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان لە جێبەجێکردن و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، داواى لە لیژنەى ناوبراو کرد بە هەماهەنگى فەرمانگە و لایەنەپەیوەندیدارەکان، بەپێى یاسا و ڕێنماییەکان کارى پێویستیان لەگەڵ بکات.

لە کۆتایشدا، بۆ هەموو ئەو شوێنانەى زێدەڕۆییان کراوەتەسەر، کە لە نەخشەى بنەڕەتى بەر شەقام دەکەون، یان کەوتۆتە سەر ناوچەیى سەوزایی، کۆبوونەوە چەند بریارێکى پێویستى وەرگرت.