بڕیار وایه ئەمرۆ چوارشەممە، 07-05-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ ببێتەوە.
بە گوێرەی کارنامەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەست پێ دەکات و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و لە هۆڵی مامۆستا سەعد، لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.
کۆبوونەوەکە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
1. گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پـڕۆژەی ڕوونـاکی و دەستەبەرکردنی کارەبای (24) کاتژمێری و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان.
2. بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
3. ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجـومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەی وردبینی هەردوو دیـوانی چـاودێری دارایـی فیـدراڵ و هەرێمـی کوردسـتان.
دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 30-04-2025، بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.