كارزان گلی – ههولێر
لە چەند رۆژی رابردوو، داواكاری گشتی ئەنكەرا، چوار دۆسیەی لەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئامادە كرد، داوایشی كردووە لەسەر ئەو دۆسیانە ١٥ ساڵ زیندانی بكرێت.
لەم كاتەدا كە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستیپێكردووە، دووبارە دادگاییكردنی دەمیرتاش لەسەر چوار دۆسیە، گومانێكی زۆری خستووەتە دڵی ئەوانەی بڕوایان بە پڕۆسەی ئاشتی هەیە و دەڵێن، زۆر بێمانایە و هەنگاوێكی خراپە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاو كراوەتەوە، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ دەمیرتاش، لەسەر چەند گوتارێكی بووە لە ٢٠١٦، كە دەستخۆشی لە عەبدوڵا ئۆجەلان كردووە، هەروەها داوای لە دەوڵەتی توركیا كردووە، گۆشەگیركردنی هەڵبگیرێت و رۆڵی پێ بدرێت بۆ پڕۆسەی پرسی چارەسەری كورد.
ئەو گوتانەی دەمیرتاش لە ٢٠١٦ كردوونی، هەر ئەو قسانەیە كە ئێستایش لە زیندانەوە دەیکات و چەندین سەركردەی تری ئاكەپە و مەهەپە و دەم پارتیش هەمان شت دەڵێن و حكوومەتیش بە فەرمی ئۆجەلانی هێناوەتە ناو پڕۆسەی چارەسەری كورد.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر دەمیرتاش لەسەر ئەو دۆسیانەی داواكاری گشتی ١٥ ساڵ زیندانی بكرێت، كەواتە دەبێت هەموو ئەوانەی لەم كاتەدا پرسی چارەسەرییان دەستپێكردووە و ئۆجەلانیان هێناوەتە ناو ئەو پرسە دادگایی بكرێن، چونكە ئەوەی دەمیرتاش پێشتر گوتوویەتی، ئێستا جێبەجێ دەكرێت.
وەكوو ئەوەی شرۆڤەكاران باسی دەكەن، زۆر زەحمەتە دەمیرتاش لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی سزای بەسەردا بسەپێنرێت، چونكە هەوڵی جیدی هەیە، دەمیرتاش ئازاد بكرێت، ئەویش بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامە تێیدا و دوو جار داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
٤/١١/٢٠١٦ـی زایینی، دەمیرتاش بە تۆمەتی ئەوەی پشتگیری لە تیرۆر كردووە و هەروەها خەڵكی هان داوە بۆ ئەوەی ئاسایشی توركیا تێك بدات دەستگیر كراوە و سزای زیاتر لە ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.